لەسکۆتلەنداو ئینگلتەرا یادی سەردەشت عوسمان کرایەوە
  2024-05-05       760       
شوێنی یادەکە: سکۆتلەندا - شاری گڵاسگۆ - فۆتۆ: دیدار خۆشناو

ڕێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ھەریەک لە شارەکانی (لەندەن، گڵاسگۆ، بێرمینگھام و نیوکاسڵ) خۆپیشاندانێکی سازکرد بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی شەھیدی قەڵەم، سەردەشت عوسمان.
 
ئاوێنە: ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ئایار،  یادەکە لەژێر دروشمی (سەردەشت وەک مۆتەکەیەکی ھەمیشەییتان)، لە کاتژمێر ۱:۳۰ پاشنیوەڕۆ لە شارەکانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کوردانی دانیشتووی ئەو ولاتە دەستیپێکرد. تیایدا وتاری بنەماڵەی شەھید سەردەشت، وتاری ڕێکخراو بە ھەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی، کورتەیەک لە ژیانی شەھید سەردەشت و چەندان چالاکیی تر، لەگەڵ داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵی ڕێز و وەفا لەسەر وێنەی شەھید، یادەکە بەرز ڕاگیرا.

سەنگەر ئیبراھیم حوسێن، ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە لە ھەرێمی سکۆتلەندا بە "ئاوێنە"ی وت "سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەوانێکی ئازا و ئازاد بوو، خەمی ئەو گۆڕانکاریی بوو بۆ ژیانێکی باشتر و حوکمڕانییەکی تەندرووست؛ بۆیە ئێمەش وەک وەفایەک یادی ئەم ڕۆژنامەنووسەمان بەرز ڕاگرت. ئەو لەپێناو ئێمەدا گیانی خۆی دانا، بۆیە گرنگە ھەردەم یادی سەردەشت و ھەموو ھاوڕێگایانی سەردەشت بەرز ڕابگرین و دژی بکوژانی دەنگی ئازاد بوەستینەوە."

وتیشی "سەردەشتی گەنج لە شارێکی کپکراوداو بە فیکرێکی پڕ ئەزموونەوە ئاوێنەی خستە بەردەم ڕووی گەندەڵیی و ستەمکاریی دەسەڵات، پێی گوتن ئەوە ڕووی ڕاستی ئێوەیە! ئەمە جێگەی ھەزمکردن نەبوو بۆ ئەوان، بۆیە ھەرزوو ویستیان ئەو دەنگە ئازادە کپ بکەن. سەرەتا بە ھەڕەشەکردن کە چەندان جار خۆی باسی زەنگی کوشتنی کرد، بەڵام لە وڵاتێکدا کە ھیچ دەزگایەکی ئەمنیی نیشتیمانیی بوونی نییە نازانی ھانا بۆ کوێ ببەیت! دواتر زەنگەکە بوو بە ڕاستی و لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لەبەردەم زانکۆی سەلاحەدیندا ڕفێنرا و تیرۆر کرا. تەرمەکەی لە شاری موسڵ دۆزرایە کە جێگەی دوو فیشەک بەناو دەمیەوە بوو. ڕاستە بە فیزیکی سەردەشتان شەھید کرد بەڵام ڕێگە و ڕێچکەی سەردەشت بۆ ھەمیشە بەردەوامە.. سەردەشت بۆ ھەمیشە مۆتەکەی گیانی بکوژانی دەبێت".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×