دڵشاد شەهاب: وەک دۆستەکانی دیکە، ئێران پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بەلاوە گرنگە
  2024-05-05       318       
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان


دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک دۆستەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بەلاوە گرنگە، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ناوخۆییی عێراق‌و هەرێمی کوردستانەو لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان ڕێکدەخرێت.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌یاوه‌ری‌ جێگرانی سەرۆک و وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستان گه‌یشتنه‌ تاران.

دڵشاد شەهاب كه‌ له‌ئێستادا لەگەڵ وه‌فدی‌ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانی‌ کردووە، ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

وتیشی‌، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک دۆستەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بەلاوە گرنگە، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ناوخۆییی عێراقی‌و هەرێمی کوردستانەو لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان ڕێک دەخرێت.

دڵشاد شەهاب پێیویایه‌ كه‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ئەوەندە ئاڵۆز نییە، کە پێویستیی بەهاوکاریی دراوسێکان یا ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بێت.

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم لەکاتێدایە، هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکی نێوان پارتی‌و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن ڕوبەڕوی قەیرانێکی سیاسی قوڵ بۆتەوە. پارتی دەڵێت، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەمانگی شەش ناکات تا ئەوکاتەی تێبینییەکانی لەبەرچاودەگیرێن، یەکێتی سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژرادن لەڕۆژی 10ی مانگی شەش.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×