وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق رایدەگەیەنێت، سوودیان لە ئاوی بارانی ئەمدواییە وەرگرتووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاوی گلدراوەى بەنداوەکان و دەشڵێت، "بەنداوی دەربەندیخان بەتەواوەتی پڕ بووە".
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاوی گلدراوەى بەنداوەکانی موسڵ، دووکان، دەربەندیخان، حەمرین و عوزێم، توانیویانە سوود لە بارانى رۆژانى رابردوو وەربگرن.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق دەڵێت، "بڕی پێویستی ئاویان لە زێی گەورەوە ئاڕاستەى بەنداوی دەریاچەی سەرسار کردووە، لەپێناو زیادکردنی توانای بەنداوەکەوە و بەردانەوەی ئاو لە وەرزی هاویندا بۆ رووباری فورات".
باسى لەوەشکرد، "ئەو لافاوەی بەهۆی بارانبارینی ئەمدواییەوە دروستبوو، سوودمان لێی بینیووە بۆ زیادکردنی ئاستی ئاوی زۆنگاوەکان، بەتایبەت زۆنگاوی حەوێزە و زۆنگاوەکانی ناوەڕاست".
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی ئەمدواییەوە بەنداوی دەربەندیخان پڕبووە، بەو هۆکارەش بەشێک لە ئاوی ئەو بەنداوەمان بەرداوەتەوە بە ئاڕاستەی بەنداوی حەمرین".