ئێرە تارانە بەکاتی هەرێمی کوردستان: سەردانێک‌و چەند ئامانجێک
  2024-05-06       666       
رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەتاران

ئا: ئاوێنە

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیاوەری شاندێک رۆژی یەکشەمە ٥ی ئایار گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران، بەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەو دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە، ئەمە پێنجەمین سەردانی نێچیرڤانە بۆ تاران لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، شارەزایەکی بواری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێران دەڵێت "نێجیرڤان بۆ چەند ئامانجێک لەتارانە".

 

ساڵح زولقەدر، لێکۆڵەڕی بواری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێران بەڕۆژنامەی "شەرق"ی راگەیاندوە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران ڕووداوێکی گرنگە، چونکە بەوتەی ئەو پێشهاتی گەورەو گرنگ لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەیەو ئەمەش پێویستی بەگفتوگۆو راوێژی نێوان هەولێرو تارانە.

 

ئەم شرۆڤەکارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  پێیوایە یەکێک لەئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بەڕۆڵی گرنگی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە لەپرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کەوا بڕیارە لەمساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجام بدرێت، بەسەرنجدان لە"پەیوەندی قوڵی تاران لەگەڵ عزبەکەی تاڵەبانی لەسلێمانی".

 

زولقەدر دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی هەوڵدەدات لەڕێی ئەم سەردانەیەوە بۆ تاران رەوتی پێشهاتەکان لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا لەبەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بگۆڕێت بەئامانجی بەدیهێنانی جۆرێک لەهاوسەنگی سیاسی لەگەڵ یەکێتی‌و ماڵی تاڵەبانی‌و ئاستێک لەهاوسەنگی لەنێوان هەولێرو سلێمانی دابمەزرێت لەسایەی چاودێری تاراندا".

 

لەئامانجی دووەمدا، زولقەدر پرسی گرژیی نێوان تاران‌و هەولێر لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەهێنێتە ئاراوەو ئاماژە بەوە دەکات کە دوای پەیوەندی ساردو نادۆستانەی هەردوولا (تاران‌و هەولێر) پاش هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولیر، ئێستا هەردولولا هەست بەپێویستی باشترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن‌و سوور لەسەر گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانیان بۆ ئاستێکی باش‌و دۆستانە. بەوتەی ئەم شارەزایە، هەرچەندە هەولێر چاوی بڕیوەتە  پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئەنقەرە تا وەک ئامڕازی فشار لەبەرامبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداو تاران بەکاریبهێنێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ناتوانێت پێگەو هەڵوێستی ئێران نادیدە بگرێت، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بەباشترکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئێران دیسان تا وەک ئامڕازێک لەبەرامبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەکاریبهێنێت.

 

ئامانجی سێیەم، لەڕوانگەی ئەم شارەزایەوە، دیاریکردنی چارەنوسی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتە کە لەململانێدان لەگەڵ ئێراندا، زولقەدەر دەڵێت "هەرچەندە ئەم دۆسیەیە تا ڕادەیەک بەپێی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران‌و عێراق بەدواداچوونی بۆ کراوە، بەڵام جێی ڕەزامەندی تەواوی ئێران‌و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی نییە".

 

زولقەدر ئاماژە بەوە دەکات کە نێچیرڤان بارزانی لەکاتی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی‌و ئەمنی ئێراندا سەرنجی لەسەر ئەم بابەتە بێت. هاوکات ئەم شرۆڤەکارە مەسەلەی جموجۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەپاشکۆی دۆسیەیە دەزانێت کە پێویستە لەمبارەوە راوێژو گفتوگۆ لەنێوان هەولێرو تاران ئەنجام بدرێت.   

 

زولقەدر ئاماژە بەسەردانەکەی ئەمدواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات بۆ هەولێری پیتەختی هەرێمی کوردستان، کە یەکێک لەتەوەرە گرنگەکانی ئەو سەردانە بەدواداچوون بوو سەبارەت بەچۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکەو هەروەها پرسی نەوت‌و وزەی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەشیان لەکارنامەی دانوستانەکانی بارزانیدا دەبێت لەتاران.

 

هەروەها ئاژانسی "مهر"ی ئێرانی لەڕاپۆرتێکدا بەناوی "ئێرە تارانە بەکاتی هەرێمی کوردستان/ گرنگی سەردانەکەی بارزانی بۆ تاران"، ئاماژە بەوە دەکات کە نێچیرڤان بارزانی، سیمایەکی دیپلۆماسی‌و میانڕەوی کوردی عێراقە، کە لەنێو هەموو ڕەوتە سیاسییەکانی عێراق‌و ناوچەکەو جیهاندا، قبوڵکراوو پێگەیەکی تایبەتی هەیە، دوای سێ ساڵ بەسەر دوا سەردانیدا، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە پەیامێکی ڕوونەوە هاتوەتە تاران کە خواستی هەولێرە بۆ پتەوکردن‌و فراوانکردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×