ئاسایش: حەوت تیرۆریستی داعش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیركران
  2024-05-06       258       

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، هێزەكانیان حەوت تیرۆریستی داعشیان لە سلێمانی و هەڵەبجە دەسگیركردون كە دوانیان پلەی ئەمیریان هەبوە.

ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری وردو چاودێری بەردەوامی هێزەکانمان، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە دو ئۆپراسیۆنی سەرکەوتودا لە 20/4 و 3/5ی 2024، حەوت تیرۆریستی داعش لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیربکەن، کە بەشێوەی نایاسایی سنورەکانی هەرێمی کوردستانیان بەزاندبو بەمەبەستی گەیشتن بە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی وردی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەدەستگەیشتنی زانیاری پشتڕاستکراوی هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەڵگرتنەوەی پەنچەمۆری دەستگیرکراوان، دەرکەوت سەرجەمیان لەچەندین کردەوەی تیرۆریستی بەشداربون و دوان لە دەستگیرکراوان پلەی ئەمیریان هەبوەو یەکێک لە تیرۆریستان شارەزای بۆرای بۆمب(عبوات)بوە."

ئاسایش ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا سەرجەم داواکراوان بە ماددەی 2ی تیرۆر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×