راوێژکارێکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق: دەکرێت بەهای 100 دۆلار بگاتە 100 هەزار دینار
  2024-05-09       206       

د. سەفوان قوسەی، راوێژکارێکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق دەڵێت، سەردانی سوودانی بۆ ئەمریکا دەریخست دەکرێت بێبەشکردنی بانکەکان لە دۆلار راست بکرێتەوە، پێشیوایە بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەردەوام دەبێت، ئەگەریش هەیە ساڵی داهاتوو بەهای فەرمیی 100 دۆلار بکرێتە 100 هەزار دینار. 

لەبارەی داهاتووی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، قوسەی دەڵێت، دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب بەردەوام دەبێت بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ: "وەزارەتی دارایی عێراق لە دۆخێکی باشدایە و ئەگەر بتوانێت قەرزە نێوخۆییەکان و قەرزەکانی بانکی ناوەندی بداتەوە کە زیاتر لە 45 ترلیۆن دینارە، ئەوکات نەختینەی بانکەکە بەهێز دەبێت و پاڵپشت بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، دەتوانێت بەهای یەک دۆلار بۆ هەزار دینار دابەزێنێت". واتە؛ 100 دۆلار بەرامبەر بە 100 هەزار دینار.
 
ئەو راوێژکارە باس لەوە دەکات، دەکرێت ئەمە ئەم ساڵ نەبێت و ساڵی داهاتوو رووبدات، بەڵام دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکان بەردەوام دەبێت. وتیشی، بە هاتنی بازرگانی زیاتری وەکو بازرگانانی جگەرەوە و زێڕ، پشتیوانی دروست دەبێت و خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕ کەمدەکاتەوە.
 
د. سەفوان قوسەی ئاماژە بەوە دەکات، رێککەوتنێک هەیە لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای K2 و سەرچاوەی دیکە بۆ زانینی هۆکاری بێبەشکردنی بانکەکان لە دۆلار. زانیاری و لێکۆڵینەوەکانیشیان دەکرێ سوودی هەبێ بۆ دەستکردنەوەی ئەو بانکانە لە مامەڵەکردن بە دۆلار. گوتیشی، هەژمارێکی هاوبەش هەیە لەنێوان بانکە سزادراوەکان و بانکە سزانەدراوەکان و دەکرێت هاوکار بێت لە دەستگەیشتنی بازرگانان بە دۆلار، ئەوەش ئەگەر بانکی ناوەندی ئەمریکا رازی بێت.
 
بە وتەی راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکان، ئەو پێشنیازە وا دەکات توانای بازرگانان لە دەستگەیشتن بە دۆلار فراوان بێت. هەروەها هاوکار دەبێت لە دەستگەیشتن بە دراوەکانی دیکەش. ئەمەش ئاسانکاری دەبێت بۆ کەرتی بانکیی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×