مەسرور بارزانی و بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تاوتوێی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان لەهەرێم دەكەن  
  2024-05-09       295       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاسایشی مەدەنی و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ لە كۆبونەوەیەكدا تاوتوێی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان دەكەن و جەختیش لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زوترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان دەكەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی مەدەنی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بو، برەودان بە پەیوەندیی دولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتوری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەو ئازاديی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، "هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی"ی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "هەردولا هاوڕابون لەسەر بەردەوامبونی هەماهەنگی و کارکردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازاديی بیروڕاو ڕاگەیاندن و ئازاديی کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، مەسرور بارزانی "پابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دوپات کردەوە."

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە"هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زوترین کات و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەمو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە، جەخت کردنەوە بو لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچونی میلیشیا و گروپە نایاساییەکان و زەمینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×