ڤیدیۆ..دو تۆمەتباری بكوژی گەنجەكەی شەقامی 100 مەتری هەولێر دەستیگركران
  2024-05-09       466       

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دو تۆمەتباری سەرەكی كوژرانی ئەو گەنجەیان دەستگیركردون كە دو رۆژ لەمەوبەر لەسەر شەقامی 100 مەتری هەولێر لەلایەن سێ كەسەوە كوژراو بەدواداچون بەردەوامە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەم.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەڕێکەوتی 7/5/2024 لەشەقامی 100 مەتری شاری هەولێر نزیک زانکۆی جیهان، هاوڵاتی (کارزان کەریم مەغدید) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن سێ کەسەوە کوژرا، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبارەکان هەڵاتبون بۆ دەرەوەی شاری هەولێرو خۆیان حەشاردابو."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ئەنجامی بەدواداچون لەلایەن هێزەکانمانەوە ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکان دەستنیشانکران کە هەڵاتبون بۆ سنوری بناری چیای قەرەچوغ."

ئاسایشی هەولێر وتوشیەتی، دواتر بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیمان هەردو تۆمەتباری سەرەکی  بەناوەکانی (م. ط. م.)و (هـ. ط. م.)  دەستگیربکەین و دەستیشمان گرت بەسەر ئەو ئۆتۆمۆبیلەی کە لەدوای تاوانەکە پێی هەڵاتبون.

ئاسایشی هەولێر وتوشیەتی، بەدواداچون بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەم.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×