خەڵاتی "شێری ئاڵتونی" ڤینیسیا بەخشرایە فیلمی "جۆكەر"
  2019-09-08       2402       
تۆد فلیپس، دەرهێنەری فیلمی جۆكەر لەگەڵ خواكین فۆنیكس، ئەكتەری سەرەكی فیلمەكە

خەڵاتی "شێری ئاڵتونی" حەفتاو شەشەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیا بەخشرایە فیلمی "جۆكەر" كە لە دەرهێنانی "تۆد فلیپس"ە. بەڵام فیلیمی "مەتری شەش و نیو" كە تاكە فیلمی ئێرانی بەشداربوی ڤیستیڤاڵەكە بو نەیتوانی هیچ خەڵاتێك بەرێتەوە.


ئاوێنە: نواندنە سەرسامكەرەكەی "خواكین فۆنیكس" لە فیلمی "جۆكەر"دا وایكرد هەر لە ئێستاوە ناوی ئەو وەك یەكێك لە كێبڕكێكارە سەرەكییەكانی خەڵاتی ئۆسكار بهێنرێت. رۆبەرتۆ دینیرۆ، ئەكتەری بەناوبانگ هاوشانی خواكین فۆنیكس لەم فیلمە ئەمریكییەدا رۆڵ دەبینێت.

 


رێوڕەسمی كۆتایی ڤیستیڤاڵی ڤینیسیا، شەوی رابردو بە ئامادەبونی ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و هونەردۆستان بەڕێوەچو.


هەروەك خەڵاتی "شێری سیلڤەر" بۆ باشترین دەرهێنەر بەخشرایە "رۆی ئیندەرسن"، دەرهێنەرو فیلیمسازی دیاری سویدی لەپای فیلمی "دەربارەی نەمری".


رۆمەن پۆلانسكی، دەرهێنەریش، وێڕای مشتومڕەكان لەسەری سەبارەت بە دۆسیەی دەستدرێژیكردنە سەر كچێك، توانی خەڵاتی گەورەی دادوەرانی ڤیستیڤاڵەكە لەپای فیلمی "یەك ئەفسەر یەك سیخوڕ" بەرێتەوە. فیلمەكە چیرۆكی ئازارو ئەشكەنجەی ئەفسەرێكی سوپای جولەكە لە فەرەنسای كۆتایی سەدەی نۆزدە دەگێڕێتەوە.


رۆمەن پۆلانسكی، دەرهێنەرو فلیمساز لەدایكبوی پۆڵەندا كە لە فەرەنسا دەژی، بە تۆمەتی بونی پەیوەندی سێكسی لەگەڵ كچێكی سیازدە ساڵان لەلایەن پۆلیسی ئەمریكاوە روبەڕوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە.

ئیمانوێل سنێ، هاوسەری رۆمەن پۆلانسكی، لە بری ئەو خەڵاتەكەی وەرگرت:

 


فیلمی "مەتری شەش و نیو"، لە دەرهێنانی سەعید روستایی، كە ئەمساڵ تەنها نوێنەری سینەمای ئێران بو لە ڤیستیڤاڵەكە و بەشداری بەشی "كێبڕكێی ئاسۆكان"ی ڤیستیڤاڵەكە بو بەڵام نەیتوانی هیچ خەڵاتێك بەرێتەوە.


فیلمی "مەتری شەش و نیو"، فلمێكی فارسییەو، لە مانگی شەشی ئەمساڵدا لە سینەما سالمی شاری سلێمانی بۆ ماوەی چەند رۆژێك نمایش كرا كە تێیدا ئەكتەرێكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی نەوید محەمەد زادە رۆڵێكی بەرچاوی هەیەو فیلمەكە توانی لەماوەی ئەو چەند رۆژەی نمایشكردنیدا ژمارەیەكی پێوانەیی بینەر بۆ خۆی رابكێشێت.


هەروەك لە ڤیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسیادا، فیلمی "حەوا، مریەم، عایشە" كە یەكەم كاری دەرهێنانی ژنە  دەرهێنەری ئەفغانی، سەحرا كەریمی بو، كە ئەویش بەشداری بەشی "كێبڕكێی ئاسۆكان"ی ڤیستیڤاڵەكە بو، نەیتوانی هچ خەڵاتێك بباتەوە.


هەروەها لەڕێوڕەسمەكەدا خەڵاتی "شێری ئاڵتۆنی بۆ تەمەنێك چالاكی سینەمایی" ئەمساڵ بەخشرایە پیدرۆ ئالمۆدوڤار، دەرهێنەری ئیسپانی و جولی ئەندرۆز ژنە ئەكتەری بەناوبانگی ئەمریكی.


ڤیستیڤاڵی فیلمی ڤینیسای ئەمساڵ بەهۆی ژمارەی زۆری دەرهێنەران پیاو لە چاو ژنان روبەڕوی رەخنە بوەوە. لەنێو 21 فیلمی نمایشكراوی نێو ڤیستیڤاڵەكەدا بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی سەرەكی تەنها دو فیملیان هی دەرهێنەرانی ژن بو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×