وانەی زمانی کوردی لە خوێندنگەکانی تورکیادا لادەبرێت
  2019-09-10       491       
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، بڕیاری داوە بە لابردنی وانەی زمانی کوردی لە سەرجەم خوێندنگەکانی تورکیادا.

ئاوێنه‌: رۆژنامەی مێزۆپۆتامیا، لە بابەتێکیدا کە نەناونیشانی "ببن بە خاوەنی زمانی کوردی" بڵاوی کردوەتەوە، باس لە لابردنی وانەی زمانی کوردی دەکات کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا وەک وانەیه‌کی خوازە وەردەگیرا و خوێندکار سەرپشک بوو لە وەرگرتنی یاخود وەرنەگرتنی.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، هۆکاری لابردنی وانەکە بەهۆی دانەمەزراندنی ژمارەیه‌کی گونجاوە لەمامۆستای زمانی کوردی، هەروەها هەڵبژاردنی وانەی دیکەی خوازە لەلایەن خوێندکارەکانەوە لەژێر فشاری خوێندنگە و بەڕیوەبەرەکان.

لەساڵی خوێندنی 2015-2016، 77هەزار و 931 خوێندکار ناویان بۆ وەرگرتنی وانەی کوردی لە سەرانسەری ناوەندەکانی خوێندنی تورکیادا تۆمارکردووە، بەڵام تەنها 59 مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە دامەزرێنراوە.

وەزارەتی پەروەرەدەی تورکیا، لە ساڵانی داهاتووتردا هیچ مامۆستایێکی دیکەی زمانی کوردیی دانەمزراندوە.

رەجەب شیمشەک، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی تورکیا-لقی دیاربەکرد دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی ژمارەی مامۆستای پێویست و پرۆگرامی خوێندنی گونجاو، خواست لەسەر وانەی کوردی نەماوە".

بەپێی وتەکانی شیمشەک، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا زانیاری نادروست دەدات بە دایک و باوکی خوێندکاران و پێیان دەڵێن مامۆستای پێوستیان دەستناکەوێت، بەوهۆیەوە وا لە دایک و باوکی خوێندکارەکان دەکەن وانەی دیکە  بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن.

لە بەدواداچوونێکی ساڵی 2009ی وەزارەتی پەروەردەی تورکیادا هاتووە، سەدا 46ی کوردەکانی تورکیا کە دەکاتە سەدا 9ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە خوێندنی بنەرەتیان تەواو نەکردووە، هاوکات سەدا 37ی کوردەکانی تورکیا نەخوێندەوارن .
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×