بارزانی‌: ئەو دەستكەوت‌و ئازادییەی هەیە بەرهەمی‌ شۆڕشی ئەیلوله‌
  2019-09-10       720       
مه‌سعود بارزانی
له‌ساڵیادی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلولدا مه‌سعود بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەو دەستكەوت‌و ئازادییەی ئێستا هەیە بەرهەم‌و درێژكراوەی قوربانیدان‌و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لەشۆڕشی ئەیلوولدا". 

ئاوێنه‌: مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول په‌یامێكی بلاَوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "ئەو دەستكەوت‌و ئازادییەی ئێستا هەیە بەرهەم‌و درێژكراوەی قوربانیدان‌و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لەشۆڕشی ئەیلولدا. هەر لەم شۆڕشەدا بو كە ئیرادەو خۆڕاگری‌و خۆشەویستیی نیشتیمان لەناو ڕیزەكانی گەلەكەمان ئەوەندە بەهێز بو كە هەمیشە دوژمنی پڕچەك لەبەرانبەریدا دەشكاو، دواجار ئەو ئیرادەیە دوژمنی هێنایە سەر مێزی دانوستان."


ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان 

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر شۆڕشێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و چەكداری و سەرتاسەریی گەلی كوردستان بوو كە بناخەیەكی پتەوی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری دانا.

لە شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگە، كادیر، مامۆستا، قوتابی، ئافرەت و، هەموو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان، لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەیەكەوە و، بۆ یەك ئامانجی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەباتیان كرد و مێژوو و سەروەرییان تۆمار كرد. ئەو دەستكەوت و ئازادییەی ئێستا هەیە بەرهەم و درێژكراوەی قۆربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا. هەر لەم شۆڕشەدا بوو كە ئیرادە و خۆڕاگری و خۆشەویستیی نیشتیمان لەناو ڕیزەكانی گەلەكەمان ئەوەندە بەهێز بوو كە هەمیشە دوژمنی پڕچەك لەبەرانبەریدا دەشكا و، دواجار ئەو ئیرادەیە دوژمنی هێنایە سەر مێزی دانوستان. 

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەم بەگژداچوونەوەی ستەمكاری بوو، هەمیش پێگەیاندنی مرۆڤی كوردستان، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان مافەكانی خۆی بناسێت و بەهای بەرزی مرۆڤانە و كوردپەروەرانە لەناو خەڵك و كادیران و پێشمەرگەدا دروست بێت. بە جۆرێك كە لەبەرانبەر دوژمنیشدا تەنانەت بۆ جارێكیش، شۆڕش دەستی بۆ كردەوەیەك نەبرد كە ناكۆك بێت لەگەڵ بەها و یاساكانی جەنگ. وانە و بەهاكانی ئەو شۆڕشە مەزنە دەبێ بۆ هەموومان بە بەرزی بمێننەوە و ببنە چرا و ڕێنیشاندەر بۆ داهاتوومان و نەوەكانی ئاییندە.

 لە یادی پەنجا و هەشت ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە و ئەو تێكۆشەرانە كە ڕۆڵیان لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە و ماندوونەناسانە قوربانییان داوە، چ ئەوانەی لەناوماندا نەماون و ئەوانەیش كە هێشتا لە ژیاندا ماون. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی. 

مسعود بارزانی

 10ی ئەیلوولی 2019

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×