2019-09-10   1209     
لەکاتژمێر 5ی سهر لهئێوارهی ئەمڕۆ سێشەممە، سیستمی زانكۆلاین بۆ وهرگرتنی دهرچووانی پۆلی 12ی ئامادهیی لهزانكۆكانی ههرێمی كوردستان بۆ ماوەی 10 رۆژ دهكهوێته كار، واتە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 20-9-2019.
ئاوێنه: دهرچووانی 12ی ئامادەیی بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەرنەیمو پاسوۆرد) كە پێشتر لهقوتابخانەکانیان وهریانگرتووەتهوه، دهتوانن فۆرمی وهرگرتن پڕبكهنهوه.
کلیک بکە بۆ کردنەوەی لینکی زانکۆلاین
رونكردنهوهی وهزارهتی خوێندنی باڵا لهبارهی كاراكردنی زانكۆلاین:
پرۆسهی وهرگرتنی دهرچوانی پۆلی دوانزهی ئامادهیی له زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دهستپێکردو لە ئەمڕۆ سێشەممە (١٠/٩/٢٠١٩) سەعات (5) ئێوارە زانكۆلاین بۆ ماوەی (١٠) رۆژ بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی دهكهوێته كار.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی (١٠/٩/٢٠١٩) لەهۆڵی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ هەریەک لە (د.خەتاب ئەحمەد مستەفا) بەرێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت و (د.جەمال کەمال) یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و (ئارام ئیبراهیم) بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن و (ئیبراهیم ڕەشید) بەڕێوەبەری خوێندنی تایبەت بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت: بەناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی لە دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کرد و ئومێدی خواست لە چوار ساڵی خوێندنی زانکۆ سەرکەوتووبن، وتیشی: ئەمڕۆ وەکو ستافی وەرگرتن لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان رادەگەیەنین.
سەعات (٥)ی ئێوارەی ئەمڕۆ زانکۆ لاین کارا دەکرێت
سەبارەت بە وادهی ڕاگەیاندن و کاراکردنی سیستمهكانی وهرگرتن د.خەتاب ئەحمەد ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆ سێشەممە كه دهكاته ڕێكهوتی (١٠/٩/٢٠١٩) له سهعات (٥)ی ئێوارە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی خولی یهكهم و دووهمی دوانزەی ئامادەیی تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕۆژی (٢٠/٩/٢٠١٩) واتە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ کارا دەکرێت، بهوهش دهرچوانی پۆلی (12)ی ئامادهیی دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوهو پێشكهشی بكهن، بۆ خوێندنی تایبەتیش بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت وتی: زانکۆ تایبەتەکان لەئەمڕۆوە دەتوانن فۆڕم بەسەر خوازیاران لەخوێندنی تایبەت دابەش بکەن، ههروهك جهختی لهسهر ئهوهشكردهوه كه دهرچوان دهبێ بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وهریانگرتۆتهوه دهتوانن فۆرمی وهرگرتن پڕبكهنهوه.
کورسی خوێندن لە ژمارەی دەرچووان زیاترە
سەبارەت بەپلانی وەرگرتن بۆ خوێندنی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت پلانی وەرگرتن بەهەرسێ جۆری خوێندن (گشتی، پارالێڵ، ئێواران) ڕوونکردەوە، بەجۆرێک بۆ خوێندنی گشتی (٢٤٧٨٤) کورسی خوێندن و بۆ خوێندنی پارالێڵ (١٠٥١٤) کورسی خوێندن و بۆ خوێندنی ئێواران (١١٥٧٧) کورسی خوێندن تەرخانکراوە، بەم شێوەیەش لە زانکۆ حکومیەکان (٤٦٨٧٥) کورسی خوێندن تەرخانکراوە و بۆ خوێندنی تایبەتیش (٢٣٧١٤) کورسی خوێندن بۆ دەرچووان تەرخانکراوە، بەم شێوەیەش کۆی کورسی خوێندن بەهەردو جۆری حکومی و تایبەت (٧٠٥٨٩) کورسیە.
سەبارەت بەژمارەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی وتی: وەزارەتی پەروەردە ناوی (٥١٩٣٣) بۆ ئێمە ڕەوانە کردووە کە (٣٦٣٥٠) دەرچوی زانستی و(١٥٥٨٣) دەرچوی وێژەیین، بەو شێوەیەش ژمارەی کورسیەکانی خوێندن زیاترە لە ژمارەی دەرچوان.
سێنتەری ڕاوێژکاری زانکۆکان ئامادەی هاوکاری دەرچووانن
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا د.خەتاب ئەحمەد وتی: بۆ بهرچاوڕونی زیاتری دهرچوانی پۆلی دوانزه و ئاشنابونیان بهسیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران و خوێندنی تایبهت) دەتوانن سەردانی سەنتەری ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن بهسیستمه جیاوازهكان، وتیشی: ئهوهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچوان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن و ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن بە ئامادەبونی خۆیان فۆڕمەکانی بۆ پڕبکرێتەوە.
کرێی خوێندن کەم دەکرێتەوە
سەبارەت بە کەمکردنەوە و کرێی خوێندن بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت وتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا هەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە چڕکردۆتەوەو پلانی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی هەیە، ئەمەش پاڵپشت بە خاڵی ١٣ لەکارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانمان دەست پێکردووە.
مینبەری ئێمە سایت و پەیجی وەزارەتی خوێندنی باڵایە
د.خەتاب ئەحمەد سەبارەت بە هەبوونی پەیج و ئەکاونت بەناوی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن وتی: ئێمە وەک ستافی وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان هەر ناوێکی دیکە، بەڵکو تاکە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەکانی ئێمە لەڕیگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە.
سوپاسی وەزارەت پەروەردە کرا
لەکۆتایی وتەکانیشیدا بەرێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەکالەت سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران لەزانکۆ و پەیمانگەکان.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا نێردراوانی دەزگاکانی راگەیاندن لەبارەی چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند پرسیارێکیان ئاراستەی ستافی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان کردو لەچوارچێوەی پلان و بەرنامەی کارو ڕێنماییەکانی وەزارەت لەلایەن نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەڵام درانەوە.