جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و 6 هه‌ڵسوڕاوی‌ دیكه‌ ده‌ستله‌كارده‌كێشنه‌وه‌
  2019-09-10       2592       

جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و شەش ئەندامی دیكەی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی بزوتنەوەی‌ گۆڕان كرد.

ئاوێنه‌: ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان به‌سایتی‌ (راچڵەكین)ی راگەیاندووه‌، "من‌و پرۆفیسۆر د. عەلی تاهیر، د. شەریف قادر، د. سابیر ئیسماعیل، حەیدر حەسەن شوان، ئاوات بەهادین محەمەد، عادل كاكەیی، دەست لەكار كێشانەوەی خۆمان پێشكەشی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە".

ناوبراو ده‌ڵێت، "ئێمە نیگەران بوین لەهەندێك بڕیاری گۆڕان، بۆ نمونە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەوەیدا رۆژی 14ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن ئەنجامبدرێت، بەڵام ئێمە لامانوایە جڤات خۆی چوار ساڵە هەڵبژاردنی نەكردووەو شەرعییەتی بریاردانی نییە، بۆیە ناتوانێت خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت، ئێمە پێشنیارمانكرد كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت، پاشان جڤاتی نوێ‌ خانەی راپەڕاندن دیاری بكات، بەڵام بەقسەیان نەكردین".

ساڵح ژاژڵەیی، لەبارەی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنیش وتی: "بڕواناكەم خانەی راپەڕاندنی نوێ‌ گۆڕانكاریی پێبكرێت، بەداخەوە گۆڕان متمانەی جەماوەری لەدەستداوە، بڕواشناكەم بەئاسانی ئەو متمانەیەی بۆ بگەڕێتەوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×