فرسەت سۆفی بە پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا
  2019-09-12       1183       

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، فرسه‌ت سۆفی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ده‌نگدانێکی ئاشكرا وه‌ك پارێزگاری نوێی هه‌ولێر هه‌ڵبژێردرا.
 
ئاوێنه‌: لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی ئامادەبووانی ٢٨ کەس بە بەدەستهێنانی ٢٧ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە فرسەت سۆفی وەک پارێزگاری هەولێر هەڵبژێردرا.

شایەنی باسە دوای مانەوەی نزیکەی ١٥ ساڵ لە پۆستەکەی، نەوزاد هادی دەستی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر کێشایەوە و، بڕیارە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پۆستێکی نوێ وەربگرێت.

جێگای ئاماژەیە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ بە فرسەت سۆفی درا، هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە ناوەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی فەرمانی هەرێمیی بۆ دەربکرێت.



فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێی هەولێر کێیە؟
* فرسەت سۆفی لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لە دایك بووە.
*خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتی.
*ماوەیەك مامۆستا بووە لە زانكۆی سەلاحەدین.
*لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە.
*پێشتر ئەندامی دەستەی ڕاوێژكاریی یاسایی بوە لە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم.
*ئەندامی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
* كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ پارێزگاری هەولێر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×