شاسوار عەبدولواحید: جگە لەئۆفیسی سەرەكی، هیچ بارەگایەكمان لەهیچ شارێك نییە
  2019-09-16       1261       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، رایدەگەیەنێت كە هیچ بارەگایەكیان لە هیچ شارێك نییە جگە لە ئۆفیسی سەرەكی جوڵانەوەكە، ئەوەش بە "شێوازێكی نوێی سیاسەت و حیزبایەتی" لەهەرێمی كوردستان ناودەبات و دەشڵێت؛ لەبری ئەوەی ئەو پارەیە وەك حیزبەكانی دیكە بدەن بە كرێی بارەگا، لە چاككردنی رێگاوبان و هاوكاری گەنجاندا خەرجی دەكەن.

ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی"هەرچی حیزبی تەقلیدی هەیە مانگانە پارەیەکی زۆر سەرف دەکەن لەبەکرێگرتنی بارەگاو دانانی چەند پاسەوانێک و چایچییەک و کارگوزارێک، ئەم بارەگایانە لەشارو شارۆچکەکان و زۆرجار لەگوندەکانیش هەیەو ئەندامەکانی حیزبەکانیش لەم بارەگایانە خەریکی تەکەتول و زەمکردنی یەکترن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"نەوەی نوێ لەبری ئەوە، پارەی ئەو بارەگاو چەند ئەندامە حیزبیانە دەدات بە پرۆژەی خزمەتگوزاری و چاککردنی رێگاوبان و هاوکاری گەنجان (تەبعەن بەپێی توانای خۆمان و لەبری ئەو پارەیەی کە حیزبەکانی تر دەیدەنە بارەگا)، هەر بۆیە هیچ بارەگایەکمان لەهیچ شارێک نییە، جگە لە ئۆفیسی سەرەکی جوڵانەوەکە."

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێشی وایە ئەم كارەی ئەوان "پێی دەڵێن شێوازێکی نوێی سیاسەت و حیزبایەتی لەهەرێمی کوردستان." و وتوشیەتی"ئەمە تێپەڕاندنی شێوازی تەقلیدی حیزبایەتییە."

هەروەك وتوشیەتی"سیاسەت و حیزبایەتی لەپێناو خزمەتی خەڵک، نەک لەپێناو چەند کادرێک کە لە مەقەڕ چا دەخۆنەوەو خەریکی تەکەتول و زەمی هاوڕێکانیانن لەسەر حسابی بودجەی گشتی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×