په‌رله‌مانی‌ عێراق لیژنه‌ی "ده‌رخستنی راستیه‌كان" بۆ نه‌وتی‌ هه‌رێم پێكده‌هێنێت
  2019-09-24       796       

لیژنەی نەوت‌و وزەی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، لیژنه‌یه‌ك بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كان (تقصی الحقائق) پێكده‌هێنێت سه‌باره‌ت به‌ڕێژه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌نارده‌كراو لەبیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک‌و ناوچە کێشەلەسەرەکان.

ئاوێنه‌: لیژنەی نەوت‌و وزەی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق نوسراوی‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌كه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كردوه‌و رونیكردۆته‌وه‌، کاری لیژنەکە بریتی دەبێت له‌لێکۆڵینەوەو پشکنین بۆ ئەو رێژە نەوته‌ی‌ کە لەبەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە بەشێوەی رۆژانەو مانگانە لەبه‌رواری‌ 1/1/2019 تا کاتی دروستکردنی لیژنەکە. 

به‌پێی‌ نوسراوه‌كه‌، ئەرکێکی دیکەی لیژنەکە بریتی دەبێت دەستنیشانکردنی ئەو رێژە نەوتەیه‌ كه‌ لەبیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک‌و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەردەهێنرێ‌و بۆ پێداویستی‌ ناوخۆیی به‌كارده‌هێنرێت.

ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ ده‌رخستنی راستیه‌كان لە 10 ئەندام پێکدێت‌، رێبوار تەها وه‌ك سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌و هه‌ریه‌ك له‌غالیب موحەمەدو ئارام ناجی ئه‌ندامن له‌لیژنه‌كه‌دا.

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×