لاڤرۆڤ: كێشەی باكوری سوریا دەبێت لەنێوان دیمەشق و كوردەكاندا بەگفتوگۆ چارەسەر بكرێت
  2019-10-09       757       

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، رەخنە لە هەڵوێستە دژبەیەكەكانی ئەمریكا دەربارەی سوریا دەگرێت و داواش دەكات كێشەی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەڕێگەی گفتوگۆوە لەنێوان دیمەشق و كوردەكاندا چارەسەر بكرێت.

ئاوێنە: سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژناوانیدا رایگەیاند"ئێمە چەندین جار هەڵوێستی خۆمان سەبارەت بەوەی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا رودەدات خستۆتەڕو، بەتایبەت سەبارەت بە ناوچە سنورییەكانی نێوان سوریاو توركیا. حكومەتی دیمەشق و نوێنەرانی كورد لەناوچەكە دەبێت گفتوگۆ بكەن. هەڵوێستی ئێمە لەسەر بنەمای پابەندبونە بە چارەسەركردنی هەمو كێشەكانی ئەو ناوچەیەی سوریا بەڕێگەی گفتوگۆ لەنێوان حكومەتی ناوەندی و نوێنەرانی كوردی ناوچەكە. هەڵوێستی ئێمە رونە."

سەبارەت بە ئەگەری هێرشی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا، رایگەیاند، هیوادارن لەهەمو بارودۆخێكدا توركیا پابەندبێت بە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریاوە.

جەحتیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە توركیا خۆی بەدوربگرێت لەهەر كردەوەیەك كە ببێتە كۆسپ لەبەردەم چارەسەری ئاشتیانەدا لەسوریا.

وەزیری دەرەوەی روسیا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، رەخنەی لە هەڵوێستە دژبەیەكەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە سوریا گرت و رایگەیاند"قورسە بڵێم هەڵەی رەفتارەكانی ئەمریكا لەسوریا چین، بەڵام رەفتارەكانی تەواو دژبەیەكن."

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان رۆژی دوشەممە، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێی رەفتارە دژبەیەكەكانی ئەمریكایان لەناوچەكە كردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×