حكومه‌تی هه‌رێم پێشبینی هاتنی شه‌پۆلێكی په‌نابه‌ران له‌ سوریاوه‌ ده‌كات
  2019-10-09       911       

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی كوردستان كۆتاییهات و پێشبینی ده‌كرێت شه‌پۆلێكی په‌نابه‌ران له‌ سوریاوه‌ بگه‌نه‌ هه‌رێم و داواش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌ ئه‌ستۆ بگرن بۆ پێشوازیكردن له‌ په‌نابه‌ران.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئەمڕۆ چوارشەممە 9/10/2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق و سوریا. دەربارەی خۆپێشاندانەکانی عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا پشتگیریی لە داوا رەوا و یاساییەکانی خۆپێشاندەران دەکەین کە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە پێشکەشی بکەن. لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆک وەزیران له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشکی خستە سەر سەردانی گرنگی سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ شاندێکی باڵای دیپلوماتکار و خاوەنکارانی رووسی هاتبوو.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، دەربارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریاش، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەریی و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن. بۆیە پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ناوچەکەدا نییە.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وردی دەربارەی ئامادەکاری وپێداویستییەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرا کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا کوێستان محەمەد وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی دەربارەی پێشنیازەکانی وەزارەتیان بۆ پشتیوانی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران. ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی هاندانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت لە رێگەی پاراستنی ماف و شایستەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×