بزووتنەوەی گۆڕان داوا لەرەوەندی کورد دەکات بۆ پشتیوانی رۆژئاوا خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی دەربڕن
  2019-10-09       1898       
بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە لەشکرکێشی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت "داوای دەست پێکردنی کەمپینی جەماوەری بەرفراوان ئەکەین هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیرکاریەو هەمیش بۆ پشتگیری مادی و مەعنەوی گەلەکەمان لە رۆژئاوا. داواش لە رەوەندی کوردی ئەکەین بە هەمو شێوازێکی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتی خێرا بۆ رۆژئاوا کۆبکەنەوە".

 
ئاوێنە: دەقی بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان:


ڕۆژئاوا تەنیا نیە
جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین و بڕوامانوایە ئەم پرۆسەیە نەک خزمەت بە سەقامگیری سیاسیی لە ناوچەکە ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکان و کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبونی سەدان هەزار خەڵکی سیڤیل بەدوای خۆیدا دەهێنیت، هاوکاتیش دەرفەتێک دەبێت بۆ خۆرێکخستنەوەی شانە نوستوەکانی داعش وبەهێزکردنەوەی گروپە تیرۆریستەکان لەناوچەکە و شکاندنی ئیرادەی نەتەوەیەکی ئازا کە بەخوێنی خۆیان بەرگریان لە ئازادیەکانیان کردوە. 

رۆژئاوای کوردستان کە قوربانیەکی زۆریان داوە بۆ پاراستنی خاکەکەیان لەچنگی گروپە تیرۆریستیەکان و لەبری هەمو جیهان شەڕی داعشیان کردوە، شایەنی قەرەبوکردنەوە و لالێکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتین، نەک پەلاماردانی تورکیا و جێبەجێکردنی پرۆسەی داگیرکاری، ئەمەش بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانانی دژی داعشە، کە رێ لە پرۆسەی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بگرن و رێگربن لە ئەگەرە نەخوازراوەکان کە روبەڕووی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچانە دەبنەوە. 

 
کێشەی کورد، بە شەڕ و داگیرکاری و ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی چارەسەرناکرێت، رێگەی ئاشتییانە و گرتنەبەری لێکتێگەیشتن کلیلی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەیە. ئەم دۆخە وادەخوازێت هەمو لایەک بە گیانی بەرپرسیارێتی سیاسیی و ئەخلاقی و مرۆیی مامەڵە لەگەڵ کەیسی رۆژئاوای کوردستان بکەن و ئەگەرەکانی جەنگ و ماڵوێرانی و خوێن رشتن و کارەساتی مرۆیی دوور بخەنەوە.

 
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەرباری ناڕەزایەتی توندمان بۆ ئەو هێرشە دوژمنکاریەو پشتگیری تەواومان بۆ خەبات و مافی رەوای گەلەکەمان و دانیشتوانی رۆژئاوا، لەهەمان کاتدا داوا لەسەرجەم هێزە سیاسیەکانی کوردستان و حکومەتی هەرێم و عێراق و جەماوەر دەکەین، کە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا پشت و پەنای رۆژئاوا بن و بەهەمو شێوازێکی خەباتی دیبلۆماسی و سیاسی و مەدەنی و جەماوەری ئەوپشتگیریەی خۆیان پێشان بدەن و هەرێمیش هەمو جۆرە کۆمەکێک بۆ هاوڵاتیانمان لە رۆژئاوا فەراهەم بکات. هاوکات داوای دەست پێکردنی کەمپینی جەماوەری بەرفراوان ئەکەین هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیرکاریەو هەمیش بۆ پشتگیری مادی و مەعنەوی گەلەکەمان لە رۆژئاوا. داواش لە رەوەندی کوردی ئەکەین بە هەمو شێوازێکی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتی خێرا بۆ رۆژئاوا کۆبکەنەوە.
 
بزوتنەوەی گۆڕان
۹/۱٠ /۲٠۱۹
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×