2019-10-10   911     
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بڕیار بوو سەردانی ئیستەنبووڵ بکات بەڵام بەهۆی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ نێو "خاکی سووریا" سەردانەکەی هەڵوەشانووەتەوە.
ئاوێنه: ئەکبەر رەنجبەرزادە، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "بەداخەوە هەنگاوەکەی ئەم دواییەی تورکیا دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە سووریا و ناوچەکە کە ئەگەری هەیە ببێتە ئاگرێکی ئەوەندە گەورە توانای کوژاندنەوەی نەبێت. هەڵبەتە لەو دۆخەدا زلهێزەکان دەستێوەردان دەکەن و دۆخەکە قەیراناویتر دەبێتەوە و بەرپرسیاریەتی لێکەوتەکانی لە ئەستۆی تورکیایە".
ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران وتی: "ئەوەی لە حکوومەتی تورکیا چاوەڕوان دەکرێت، بڕیارێکی عاقڵانەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و دووریکردنە لە دروستکردنی گرژی، تاوەکو نەبێتە هۆکاری هاتنی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 10-9-2019 بەبڕیاری ئەردۆغان، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە سەرێکانیێ، قامشلۆ و ئاموودێیان لە کوردستانی سووریا بۆردوومان کرد.