پەکەکە: هەموو ماڵ، هەموو کۆڵانێک دەبێتە بەرەی شەڕ
  2019-10-10       2797       

لە کاردانەوەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوەو رایگەیاند "لەبەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا هەر ماڵێک دەبێتە بنکە و هەر کۆڵانێکیش دەبێتە سەنگەری شەڕ".


ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوەکەدا ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکە داوا لە یەپەگە، یەپەژە و یەژا ستاریش دەکات چالاکییە سەربازییەکانیان لە باکووری کوردستان چڕ بکەنەوە. 
 
ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکە دەڵێت "خاکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەلایە سوپای تورکیاوە داگیر دەکرێت، ئەوەی داعش لە 15ـی ئەیلوولی 2014 لەڕێگەی هێرشکردنە سەر کۆبانێ نەیتوانی سەریبخات، ئێستا دیکتاتۆرییەتی ئاکپارتی - مەهەپە کە دوژمنی کورد و مرۆڤایەتین دەیانەوێت سەریبخەن".
 
سەبارەت بە چەکدارانی داعش لە ناوچەکە کە بووەتە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتی، ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکە دەڵێ، "تورکیا دەیەوێت چەتەکانی داعش کە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە و هەسەدە تێکشکێندران، سەرلەنوێ زیندووبکاتەوە و بەم هێزەش هەڕەشە لە تەواوی جیهان بکات".
 
رۆژی چوارشەممە 10-9-2019 بەبڕیاری  ئەردۆغان، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە سەرێکانیێ، قامشلۆ و ئاموودێیان لە کوردستانی سووریا بۆردوومان کرد.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×