نێچیرڤان بارزانی: بۆ راگرتنی شەڕ لە هەوڵی بەردەوامداین
  2019-10-10       905       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە نیگەرانی قوڵەوە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی فوڕات لەسوریا دەڕوانن و جەختیش دەكاتەوە كە "لەپێناو ڕاگرتنی شەڕو دروستكردنی ئارامیدا، لەهەوڵى بەردەوامداین. بۆ هەمو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین." هەروەك داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەكات بەجددی رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ راگرتنی شەڕو گەڕانەوەی سەرقامگیری بۆ ناوچەكە.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەپەیامێكدا سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، رایگەیاند"هەر لەسەرەتاوە بەوردى چاودێریى دۆخەکە دەکەین و بەدڵگرانى و نیگەرانییەکى قوڵەوە لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ڕۆژهەڵاتى فورات لەسوریا دەڕوانین بەتایبەتى کە گروپە توندڕەوەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا تیایدا بەشدارن."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتوشیەتی"لەپێناو ڕاگرتنی شەڕو دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵى بەردەوامداین و بۆ هەمو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین."

داواشی لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجومەنى ئاسایش كردوە چارەسەرێکى دادپەروەرانە بۆ ئایندەى سوریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافى هەمو پێکهاتەکانى تیادا پارێزراو بێت و بە جددى ڕۆڵى خۆى بۆ ڕاگرتنى شەڕ و گەڕانەوەى سەقامگیرى و پاراستنى ئاشتى و دیالۆگ و ڕێگەچارەى سیاسى بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکى سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن.

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی...

هەر لە سەرەتاوە بە وردى چاودێریى دۆخەکە دەکەین و بە دڵگرانى و نیگەرانییەکى قوڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ڕۆژهەڵاتى فورات لە سوریا دەڕوانین بەتایبەتى کە گروپە توندڕەوەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا تیایدا بەشدارن. شەڕ، دەرگا بە سەر کوشتار و دەربەدەرى و ئاوارەبونى خەڵکى سڤیل و دروستبونى ناسەقامگیرى لە تەواوى ناوچەکەدا دەکاتەوە و هەڕەشە و مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەکات.

ئێمە کە لە هەرێمی كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆرمان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر داوە و مەینەتییەکانى شەڕمان بینیوە، زۆر بە نیگەرانى و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبونی دۆخەكە و تێکچونى ئاسایش و نەمانى سەقامگیرى دەڕوانین کە دەرەنجامى چاوەڕواننەکراو و مەترسیدارى بۆ ناوچەکە و جیهان لێ دەکەوێـتەوە، بۆیە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵى بەردەوامداین و بۆ هەمو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین.

شەڕ و پێکدادان تەنیا ئاڵۆزى و پشێوى و مەترسی لە ناوچەکە زیاد دەکات، دەسکەوتەکانى تێکشکاندنى داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێکدا نابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجومەنى ئاسایش دەکەین چارەسەرێکى دادپەروەرانە بۆ ئایندەى سوریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافى هەمو پێکهاتەکانى تیادا پارێزراو بێت و بە جددى ڕۆڵى خۆى بۆ ڕاگرتنى شەڕ و گەڕانەوەى سەقامگیرى و پاراستنى ئاشتى و دیالۆگ و ڕێگەچارەى سیاسى بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکى سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×