فەرەنسا داوای كۆبونەوەی بەپەلەی هاوپەیمانی دژبە داعش دەكات
  2019-10-10       630       

جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای كۆبونەوەی بەپەلەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش دەكات بەهۆی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

ئاوێنە: وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە كەناڵی "فرانس2"ی راگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش دەبێت بەپەلە كۆببێتەوە چونكە ئەگەری ئەوە هەیە داعش گۆڕانكاری لە دۆخی مەیدانی باكوری سوریا بقۆزێتەوە.

وتیشی"دەبێت هاوپەیمانییەكە ئەمڕۆ بڵێت پێویستە چی بكەین و توركیا چۆن دەیەوێت هەنگاو بنێت و چۆن دەتوانین زامنی ئەمنییەتی ئەو شوێنانە بكەین كە داعشە دیلەكانی لێ زیندانین."

جەختیشی كردەوە"دەبێت هەمو شتێك بخرێتە سەر مێز بۆ ئەوەی رون بێت."

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوپاتیشیكردەوە كە داعشە زیندانییەكان دەبێت لەسوریا دادگایی بكرێن و جەختیشی كردەوە كە هەڵوێستی فەرەنسا لەوبارەیەوە نەگۆڕاوە.

فەرەنسا لەو وڵاتانەیە كە ئیدانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیای بۆ سەر باكوری سوریا كردوە كە دوێنێ دەستی پێكردو داوای وەستاندنیشی كردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×