وەزیری دادی تورکیا دەستووری وڵاتەکەی بە ”دەستووری کودەتاچییەکان” ناوبرد و دەڵێت، تورکیا شایەنی دەستوورێکی دیموکراسییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە پێناو تورکیایەکی بەهێزتر، پێویستە پڕۆسەی ئاشتی سەربخرێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە وتارێکیدا لە مەڵەتی باکووری کوردستان، ڕەخنەی لە دەستووری ئێستای وڵاتەکەی گرت و وتی: ”هێشتا بە دەستووری کودەتاچییەکانەوە بەڕێوەدەچین.
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، هەوڵ بۆ گۆڕینی دەستووری وڵاتەکەیان دەدەن و تورکیا شایەنی دەستوورێکی مەدەنی، گشتگیر و دیموکراسییە؛ دەستوورێک لەلایەن ئەو کەسانەوە بنووسرێتەوە کە گەل هەڵیبژاردوون”.
هەروەها بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە پرۆسەی ئاشتیی و وتی: لەپێناو تورکیایەکی بەهێزتر و سەقامگیرتر، پێویستە پڕۆسەکە سەربخرێت و لە پەرلەمان کاری بۆ بکرێت.