دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاشكرایكرد، لە ئەنجامی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆسەر زیندانی ئێڤین زیاتر لە 70 كەس كوژراون.
ئاوێنە: ئەسغەر جەهانگیریی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشەكەی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر زیندانی ئێڤین 71 كەس كوژراون، بەشێك لە كوژراوەكانیش كارمەند و پاسەوانی زیندانەكە و كەسوكاری زیندانییەكان بوون، كە بۆ سەردانیكردی زیندانییان سەردانی زیندانەكەیان كردبوو.
جەهانگیری ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بۆردومانەكەوە ئیسرائیلەوە بەشی كارگێڕی زیندانی ئێڤین زیانی زۆری بەركەتووە.
زیندانی ئێڤین، بە یەكێك لە گەورەترین و گرنگترین زیندانەكانی ئێران دادەنرێت، دەكەوێتە ناوچە شاخاوییەكانی نێوان تاران و كەرەج، بەشێكی زۆر لە زیندانییەكانی نێو زیندانەكە بە هۆكاری سیاسی دەستگیركراون، هاوكات 20 كەس لە زیندانییەكان هەڵگری رەگەزنامەی بیانیین.