ڕووسیا: نابێت سەربازی تورک لە سوریادا بمێنێت
  2019-10-16       2544       
نوێنەری ڕووسیا بۆ کاروباری سوریا ڕایگەیاند ''تورکیا مافی ئەوەی نییە لە سوریادا سەربازەکانی بە شێوەیەکی هەمیشەیی بهێڵێتەوە''.

ئاوێنه‌: ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ نوێنەری تایبەتی ڕووسیا بۆ کاروباری سوریا لە ئەبوزەبی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و ڕایگەیاند ''بە پێی هەموو ئەو ڕێکەوتننانەی پێشتر ئەنجام دراوە نابێت سەربازی تورک بە هەمیشەیی لە سوریادا بمێنێتەوە و تەنها دەتوانن بە قوڵایی ٥ بۆ ١٠ کیلۆمەتر بچنە نێو خاکی سوریاوە''.

لاڤرێنتیڤ سەبارەت بە جێگیرکردنی سەربازی ڕووسیا لە شاری مەنبەج ڕایگەیاند ''ڕووسیا دڵنیایی ئەوە دەکات کە سەربازانی سوپای تورکیا و سوپای حکومەتی سوریا هیچ شەڕ و پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا ڕوو نەدات، ئێمە ڕێگە نادەین هیچ کات ئەوە ڕوو بدات، ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دوو سوپایە شتێکی قبوڵ نەکراوە''.

لاڤرێنتیڤ وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە لایەن تورکیاوە بۆ سەر سوریا، و ڕایگەیاند ''ئێمە هەر لە سەرەتاوە داوامان لە تورکیا کردووە ئۆپەراسیۆنەکە هەڵبوەشێنێتەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیمان بۆ سەر خاکی سوریا بە شتێکی قبوڵ نەکراو زانیوە. پێویستە سنوورەکانی سوریا لە لایەن سەربازانی سوپای سوریاوە بپارێزرێت لەبەر ئەوە هیچ کات پشتیوانیمان لە هەبوونی سەربازی تورک لەو ناوچانە نەکردووە''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×