مەزڵوم عەبدی: رەزامەندیمان لەسەر رێككەوتنەكەی ئەمریكاو توركیا داوە
  2019-10-18       5533       

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) رایگەیاند، رێككەوتنەكەی توركیاو ئەمریكا بۆ راگرتنی شەڕ لەباكوری سوریا، ناوچەكانی نێوان سەرێكانی و گرێسپی دەگرێتەوە كە شەڕیان تێدایەو دەشڵێت؛ ئێمە رەزامەندیمان لەسەر رێككەوتنەكە داوەو هەمو هەوڵێكیش دەدەین بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هاوار نیوز، ئەو وتانەی مەزڵوم عەبدی، ئەمشەو(پێنجشەممە) لەمیانی لێدوانێكیدا هاتون لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بۆ كەناڵی "روناهی" سەبارەت بە رێككەوتنەكەی نێوان ئەمریكاو توركیا بۆ راگرتنی شەڕ لەباكوری سوریا.

فەرماندەی گشتی هەسەدە، هێمای بۆ ئەوە كردوە كە رێككەوتنەكە، ئەنجامی بەرگری شەڕڤانان بوە بە هەمو پێكهاتەكانیەوە، بەرامبەر بە هێرشەكەی توركیا.

عەبدی وتویەتی"گفتوگۆكان لەسەر ئەو بابەتە ماوەی سێ رۆژە بەردەوامن و ترەمپ شەخسی خۆی لەسەر بابەتەكە هاتە سەر خەت و نامەیەكی بۆ سەرۆكی توركیا ناردو دواتر وەفدێكی ئەمریكی ناردە ئەنكەرە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی توركیا، ئێمە ئاگاداری سەرجەم وتوێژەكان بوین، دەتوانین بڵێین ئێمە لەگەڵ لایەنی ئەمریكی لە پەیوەندیدا بوین."

فەرماندەی گشتی هەسەدە، وتویەتی؛ لەئەنجامی ئەم هەوڵانە ئەو رێككەوتنە راگەیەندرا.

ئاماژەی بەوەش داوە كە رێككەوتنەكە ئەو ناوچانە لەخۆدەگرێت كە لەنێوان سەرێكانی و گرێسپی شەڕیان تێدایە.

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم رێككەوتنە لەپێناو ئەو ناوچانەیەو ئێمە رەزامەندیمان لەسەر نیشانداوە، بۆ سەركەوتنی رێككەوتنەكەش ئێمە وەك هێزەكانی سوریای دیموكرات هەمو هەوڵێكی خۆمان دەدەین بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی."

جەختیشی كردەوە كە "ئەمریكا بەرپرسە لە رەوتی رێككەوتنەكە، چەند كێشەیەك لە ناوچەكە هەن و نابێت دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕدرێت و دەبێت ئاوارەكان بگەڕێنە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."

سەبارەت بە ناوچەكانی دیكەی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، مەزڵوم عەبدی وتی"ناوچەكانی دیكە تا ئێستا گفتوگۆیان لەبارەوە نەكراوە و هێزەكانمان لە شوێنەكانی خۆیان دەمێننەوە، رەنگە لە دواییدا گفتوگۆ لەسەرناوچەكانی دیكەش بكرێت."

لەلایەكی دیكەوە بەپێی كەناڵی "ئەلعەرەبیە"، ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی تەڤدەم، رایگەیاندوە، پێشوازی لە رێككەوتنی راگرتنی شەڕ لە باكوری سوریا دەكەن و دواتر لەوبارەیەوە لەبەیاننامەیەكدا وردەكارییەكان دەخەنەڕو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×