لەژێر گوشاری عەرەب و توركمانی كەركوكدا "باره‌گاكان نادرێنه‌وه‌ به‌ پارتی"
  2019-10-19       1891       
كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2019، ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمانەكان دژی راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گایه‌كی پارتی. فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

لەژێر گوشاری مانگرتنی ژمارەیەك هاوڵاتی عەرەب و توركماندا، حكومەتی عێراق بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی لەكەركوك بەو حزبە هەڵوەشاندەوەو عەرەب و توركمانەكانیش كۆتاییان بە مانگرتنە سێ رۆژییەكەیان هێنا.

ئاوێنە، كەركوك ناو: بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی لە كەركوك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، ناڕەزایی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی عەرەب و توركمانی بەدواداهات، لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا مانگرتنیان راگه‌یاند و ژماره‌یه‌ك خێوه‌تیان هه‌ڵدا.

محەمەد عه‌لاوی، یەکێک له‌ مانگرتوان دوای كۆتاییهاتنی ناڕه‌زاییه‌كانیان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆ سێ رۆژ مانمانگرت و خێوه‌تمان هه‌ڵدا، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌مان له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكه‌، خێوه‌ته‌كانمان هه‌ڵگرت و رێگه‌كه‌مان كرده‌وه‌".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ "هه‌ر كاتێكی تر ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت دیسان مانده‌گرین".

شەوی رابردو، 17ی تشرینی یه‌كه‌م، مانگرتوان خێوه‌ته‌كانیان له‌به‌رده‌م باره‌گایه‌كی پارتی كه‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی تێدابو هه‌ڵگرت، په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) چوه‌ شوێنی مانگرتنه‌كه‌و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی كۆتایی به‌ ناڕه‌زاییه‌كان هاتوه‌.

بارەگاكانی پارتی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە لە كەركوك چۆڵكران و بەشێكی زۆریان هێزە ئەمنییەكان لێی نیشتەجێن. لەنێویاندا بارەگای سەركردایەتی له‌ گه‌ڕه‌كی شۆراو.

بورهان مه‌زهه‌ر عاسی، ئەندامی لیژنەی ئەمنی لەئه‌نجومه‌نی پارێزگای کەرکوک به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "حکومەتی ناوه‌ندی عێراق بەدەم داواکاری مانگرتوانەوە ڕۆیشت و بڕیاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، بۆیه‌ خێوه‌ته‌كان هه‌ڵگیران و رێگه‌ی هاتوچۆ به‌ روی خه‌ڵكدا كرایه‌وه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی ئه‌منی وتی "بڕیاری گه‌رانه‌وه‌ی پارتی بۆ ئێمه‌ له‌ناكاو بو، چونكه‌ ئه‌وان له‌ شاره‌كه‌دا زۆر خه‌ڵكی عه‌ره‌بیان برینداركرد و هه‌ر ئه‌وانیش دوای جێهێشتنی شاره‌كه‌ ئه‌وانه‌ی مانه‌وه‌ به‌ خیانه‌تكار ناویان برد، ده‌یانوت شاره‌كه‌ داگیركراوه‌"، هه‌روه‌ها داوایكرد "بارودۆخی كه‌ركوك نه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ پێشتر و ئه‌گه‌ر ئه‌و باره‌گایانه‌ راده‌ستبكرێنه‌وه‌ كێشه‌ دروستده‌بن".

پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كەركوكی جێهێشتوە و نەگەڕاوەتەوە.

محەمەد خورشید، لێپرسراوی لقی كەركوكی پارتی پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەوە بڕیاری حکومەتى ناوەندییە و دەبێت بارەگاكانمان چۆڵبکرێت، بەڵام کەسانى توندڕەو دەیانەوێت رێگربن لەئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و دەستكەوتی شەخسی خۆیان مەبەستە".

بڕیاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گا حزبییه‌كان، هاوكات بو لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەكانی هەرێم و ناوەند لەبارەی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لەنێویاندا گەڕانەوەی پارتی.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×