2019-10-22   2568     
بەڕێوەبەری یاسایی لەدەستەی مافی مرۆڤ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كوژرانی دو ڕۆژنامه‌نوسه‌كه خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت‌و گومان لەسەر كوژرانیان ھەیە. ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه بەوردی چاودێریی دۆسیەكه دەكەن.
ئاوێنه: تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری یاسایی لەدەستەی مافی مرۆڤ، بەماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووه، "رووداوی گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووس ئامانج بابانی‌و ھاوسەرو منداڵەكەی، كاریگەریی خراپی دەرونیی كردۆتە سەر ھاوڵاتیان، چونكە ھێشتا بەدروستی ھۆكاری كوژرانی ئەو دو میدیاكارەو منداڵەكەیان دیار نییە".
ئه‌و ده‌ڵێت، "تەمومژاویی روداوەكەش نیگەرانیی لای خەڵكی كوردستان دروستكردووە، لەبەر ئەوەی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت‌و گومان لەسەر كوژرانیان ھەیە".
راشیگه‌یاندووه، "ئێمە وەك دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی بەوردی چاودێریی دۆسیەی ئامانج بابانی دەكەین‌و چاوەڕێی بڕیاری لایەنی یاسایی‌و پزیشكیی دادین بۆ یەكلاكردنەوەی".
تاڤگە عومەر ئه‌وه‌شی وتووه، "دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، نوسینگەی سلێمانیی دەستەكەی راسپاردووە بەدواداچونو چاودێریی كەیسهكه بكات، لەبەر ئەوەی نابێت بەو شێوەیە بەناڕونی بمێنێتەوەو دو رۆژنامەنوس بكوژرێن‌و گومان لەسەر كوژرانیان ھەبێت".
16ی ئه‌م مانگه هه‌ردو رۆژنامه‌نوس ئامانج بابانی‌و لانه محه‌مه‌دی هاوسهریو منداڵه سێ ساڵه‌كه‌یان له‌ناو ئوتومبیله‌كه‌یان به‌كوژراوی له‌به‌رده‌م تێرمیتاڵی شاره‌زور له‌شاری سلێمانی دۆزرانه‌وه. به‌پێی ڕونكردنهوهی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی-ش، ڕوداوه‌كه خۆكوژیی بووه.