سلێمانی، هاوردەكردنی مریشك و هێلکە قەدەغە دەكرێت
  2019-10-24       1475       
بەهۆی زیادبوونی بەروبومی ناوخۆیی، هاوردەکردنی مریشک و هێلکە لە مانگی داهاتوودا قەدەغە دەکرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیارییكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەریی پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

لە دوای كۆبونەوەكەش ڕزگار حمد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی وتی: بەهۆی زۆربوونی پرۆژە كشتوكاڵییەكان و بەرز بوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ هەروەها بۆ پشتگیریی خاوەن پرۆژە پەلەوەرییەكان، بۆمانگی ١١ هاوردەكردنی مریشك قەدەغە دەكرێت.

ئاماژەی بۆئەوەكردكە، لە رێژەی بەروبومە هاوردەكراوەكان رەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمبوونەوەی بەكارهێنان لەوەرزەكاندا كراوە، لیژنەكە بۆ مانگی ١١ی ئەمساڵ بڕیاری دا ٨٠٠ تۆن ماسی و ٥٠٠ تۆن گۆشتی سور هاوردە بكرێت و هاوردەكردنی مریشك و هێلكەش قەدەغە دەكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×