ئەمریكا سزای بەسەر نۆ بەرپرس و یەك قەوارەی ئێرانیدا سەپاند
  2019-11-04       613       

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سەپاندنی سزای بەسەر یەك قەوارەو نۆ بەرپرسی ئێرانیدا راگەیاند كە یەكێك لەوانە كوڕی عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە ئەمڕۆ دوشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سزای بەسەر سێ كەسایەتی ئێرانی و هەروەها دەستەی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێراندا سەپاندوە، ئەوەش لە یادی 40 ساڵەی دەستگرتنی ئێران بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكادا لە تاران.

بەپێی بەیاننامەكە لەنێو ئەوانەی كراونەتە ئامانجی سزاكان، موجتەبا خامەنەیی، كوڕی عەلی خامەنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی تێدایە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشداوە كە سزاكان بەدیاریكراوی یاریدەدەرانی خامەنەیی، ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندی رژێمی ئێران و ئەركانی گشتی هێزە چەكداراەكان و دەسەڵاتی دادوەری ئێرانی كردۆتە ئامانج.

لەنێو سزادراوەكاندا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران و محەمەد محەمەدی گوڵپایەگانی، بەڕێوەبەری نوسینگەی خامەنەیی و عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری خامەنەیی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە، هەن.

وەزارەتەكە وتوشیەتی"ئەم رێكارانە هەوڵێكن بۆ بەرگرتن لە گواستنەوەی پارە بۆ تۆڕی سێبەر لە راوێژكارانی سەربازی و نێودەوڵەتی خامەنەییەوە، كە لەماوەی چەند دەیەی رابردودا گەلی ئێران دەچەوسێننەوە، هەناردەی تیرۆر دەكەن و پەرە بە سیاسەتگەلێك كە دەبێتە مایەی ناسەقامگیری لە سەرتاسەری جیهاندا دەدەن."

ستیڤن منوچین، وەزیری خەزێنەی ئەمریكا رایگەیاندوە"وەزارەتەكە ئەو بەرپرسە هەڵنەبژێردراوانەی دەورەی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی كردونەتە ئامانج كە ئەو سیاسەتانەی عەلی خامەنەیی جێبەجێ دەكەن كە دەبنە مایەی ناسەقامگیری."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو كەسانە پەیوەندیان بە تۆڕێكی بەرفراوانەوە هەیە كە بەرپرسان لە ئەنجامدانی "چەند رەفتارێكی قێزەونی رژێمی ئێران" لەوانە: تەقینەوەكانی سەربازگەكانی مارێنزی ئەمریكی لە بەیروت لەساڵی 1983 و تەقاندنەوەی رابیتەی ئەرجەنتینی ئیسرائیلی لە ساڵی 1994 و هەروەها "ئەشكەنجەدان و كوشتن لەدەرەوەی یاساو سەركەوتكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×