په‌رله‌مانتارێك: نه‌وته‌كه‌ی‌ به‌غدا له‌هه‌رێم تێکەڵی نەوتی خراپ ده‌كرێت‌و بەنرخێکی گرانتر دەدرێت بەهاوڵاتیان
  2019-11-08       919       

ئەندامێكی لیژنەی وزەو نەوت لەپەرلەمانی عێراق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم نێردراوه‌ بۆ یه‌ك به‌رمیل بڕی‌ 31 هەزار دینار دیاریكراوه‌، به‌ڵام له‌هه‌رێم تێکەڵی  نەوتی کواڵیتی خراپی‌ ده‌كه‌ن‌و بەنرخێکی گرانتر دەیدەن بەهاوڵاتیان.

ئاوێنه‌: ئاوێنه‌: له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا د. غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی وزەو نەوت لەپەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، ئەو نەوته‌ی بۆ ماڵان دابینکراوە لەلایەن حکومەتی عێراقە، نرخی (216) لتر نەوتی سپی دەکاتە (31) هەزار دینار کە حکومەتی عیراق وەک پاڵپشتی ناردویەتی بۆ پارێزگاکانی هەرێم، بەڵام دوای ئەوەی تێکەڵی دەکەن بەنەوتی کواڵیتی خراپ‌و بەنرخێکی گرانتر دەیدەن بەهاوڵاتیان، دوای ئەوەش وەک بڵێت خێر دەکەن، دەڵێن لەبەر بەرژەوەندی‌ هاوڵاتیان نرخەکەمان کەم کردەوە! ناڵێت دزیەکەمان کەمتر کرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەدڵێ خۆیان‌و کۆمانیاکانیان نرخ دادەنێن نەک لەبەرژەوەندی خەڵک."

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌، نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی، لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "دوای بەدواداچونمان بۆ نرخی ئەو نەوتەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت، لەپێناو بەرژەوەندی هاونیشتمانیان بڕیارماندا بەکەمکردنەوەی بڕی 5 هەزار دینار لەو نرخەی دانراوە لەبەرامبەر یەک بەرمیل نەوت."

له‌به‌رامبه‌ردا د. غالب محەمەد ده‌ڵێت، "پارێزگای هەولێر پیاوەتی بەئاوی حەمامه‌وه‌ دەکات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داواش لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێم ده‌كات نه‌وته‌كه‌ بەنرخەکەی خۆی‌و نرخی نەقڵەکەی کە کەمترە لەدو هەزار دینارە بدڕێت بەهاولاتیان، "چونکە ئەو نەوتە بۆ هاوڵاتیان دابینکراوە، نەک بۆ تاڵانکردن لەلایەن کۆمپانیاکانی حزب".

هۆشداریش ده‌دات، "ئەگەر بەو نرخە نەبێت ناچارمان دەکەن ناوی هەر پێنچ کۆمپانیاکەو چوار پارێزگاکە بەراپۆرتێکی تێرو تەسەل تەسلیمی دەستی دەستپاکی عیراق بکەین بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە لەم گەندەڵێە بکەن."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×