ئەسەد دەڵێت: زۆربەی دانیشتوانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا عەرەبن نەك كورد
  2019-11-15       1137       

بەشار ئەسەد، جارێكی دیكە یەپەگە تۆمەتبار دەكات بەوەی كێشەی سەرەكی باكوری رۆژهەڵاتی سوریایەو دەشڵێت؛ ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی یەپەگەدان لەسوریا زیاتر لەسەدا حەفتای دانیشتوانەكەی عەرەبن بەڵام ئەمریكا لەڕێگەی پشتیوانی كوردەكانەوە دەیەوێت وای نیشان بدات كە ئەو ناوچانە كوردین. جەختیش دەكاتەوە كە نە ئەمڕۆ و نە سبەی، سوریا هیچ پڕۆژەیەكی "جیاخوازی" قبوڵ ناكەن.

ئاوێنە: بەشار ئەسەد، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "روسیا24"و ئاژانسی "سپوتنیك"ی روسیدا، سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان حكومەتەكەی لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەری لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریاو هەروەها هێزە كوردییەكاندا، رایگەیاند، زاراوی "هێزە كوردییەكان"، "بەشێوەیەكی خراپ" بەكاردەهێنرێت و ئەوە "برەودانێكی رۆژئاوایە تا وای نیشان بدات كە ئەو هێزانەی هەن لەناوچەكە هێزی كوردین و ئەو ناوچەیەش ناوچەیەكی كوردییە."

ئەسەد بانگەشەی ئەوەی كردوە كە "ناوچەی باكور و باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ناوچەیەكە زۆرینەی عەرەبە، زیاتر لە لەسەدا حەفتای دانیشتوانەكەی عەرەبن نەك بە پێچەوانەوە، تەنانەت ئەو گروپانەشی لەوێ شەڕ دەكەن تێكەڵن لە كوردو پێكهاتەكانی دیكە، بەڵام ئەمریكا پشتیوانی گروپە كوردییەكانی كردوەو كردونییەتە فەرماندەی ئەو گروپانە، تا وای نیشان بدات كە ئەو ناوچەیە كوردییە، بۆ ئەوەی ناكۆكی لەنێوان كوردو پێكهاتەكانی دیكەی سوریا دروست بكات."

لەگەڵ ئەوەش سەرۆكی سوریا ئاشكرایكردوە كە  حكومەتەكەی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو هێزانەی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامەو وتیشی"لەماوەی شەڕدا پەیوەندیمان لەگەڵیان نەپچڕاوە وێڕای ئەوەی زانیومانە بەشێك لەو گروپانە مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا دەكەن و لەلایەن ئەوانە بەڕێوەدەبرێن و چەك و پارەیان لەلایەن ئەمریكاوەیە، لێدوانەكانیان لەلایەن ئەمریكییەكانەوە دەنوسرێنەوە، ئەمەش بە واتای ئەوە نییە كە كوردەكان نیشتمانپەروەر نبن، جەخت دەكەمەوە كە زۆربەی كوردەكان نیشتمانپەروەرن لەگەڵ دەوڵەت و گەلی خۆیاندان لەسوریا هەروەك هەر توێژێكی تر."

ئەسەد ئاماژەی بەوەداوە كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ كوردەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی رازی بكرێن هێزەكانیان بخرێنە چوارچێوەی سوپای سوریاوەو وتوشیەتی"گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی رازی بكرێن بەوەی كە سەقامگیری كاتێك دێتە دی كە هەمومان پابەند بین بە دەستوری سوریاوە چونكە ئەم دەستورە گوزارشت لە گەل دەكات و سوپای عەرەبی سوریا كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە لەگەڵیشیدا دامەزراوە رەسمییەكانی سوریا دەگەڕێنەوە."

وتیشی"دوای هێرشەكانی توركیا بەم ئاڕاستەیە هەندێك پێشكەوتن هەیە، روسیا رۆڵی گرنگ لەم بابەتەدا دەگێڕێت. دۆخەكە هەندێك جار پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێت، هەندێك جار دەگەڕێتەوە دواوە بەهۆكاری جیاجیا، بەشێك لەو هۆكارانە گوشاری ئەمریكان لەسەر گروپە چەكدارەكان لەسوریا بۆ ئەوەی وەڵامی دەوڵەتی سوریا نەدەنەوە، ئەمەش چاوەڕوان كراوە."

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"بەڵام ئێمە ئێستا زیاتر گەشبینین كە كاروبارەكان بەو ئاڕاستەیە دەڕۆن، چونكە دوای نۆ ساڵ شەڕ پێموایە زۆربەی خەڵك لە گرنگی یەكگرتنەوە لەگەڵ دەوڵەت تێگەیشتون بەچاوپۆشین لە ناكۆكییە سیاسییەكان."

ئەسەد هەروەها جەختی كردۆتەوە كە كێشەی ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا "لەگەڵ بەشێك لە كوردەكانە...چەند گروپێكی توندڕەو، توندەڕەو بە مانا سیاسیەكەی هەن، ئەوانە كە پێشنیاری نزیك لە جیابونەوە دەكەن هەندێك لە پێشنیارەكان پەیوەستن بە فیدرالیەت و ئۆتۆنۆمییەوە بۆ كوردەكان، بەڵام وەك پێشتر وتم ئەم ناوچەیە عەرەبیە، ئەگەر كەسانێك هەبن باس لە فیدراڵیەت بكەن ئەوە دەبێت عەرەبەكان بن چونكە زۆرینەن، ئەمە قسەیەكی بەڵگەنەویستە بۆ دۆخێكی وا، دۆخەكە جیاوازە لە باكوری عێراق و جیاوازیشە لە باشوری رۆژهەڵاتی توركیا، لەم ناوچەیەی سوریا زۆرینەی كورد بونی نییە، بەڵام لەپەیوەست بە مافی كولتورییەوە، من بەردەوام باس لە نمونەی ئەرمەنەكان دەكەم، چونكە ئەوان دوا گروپ بون كە هاتنە سوریا نزیكەی 100 ساڵ لەمەوبەر، قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان هەیەو كەنیسەیان هەیەو مافی تەواوی كولتورییان هەیە، بۆچی مافی كولتوری بە توێژێك دەدەین و بە توێژێكی دیكەی نادەین؟ لەبەر هۆكارێكی سادە، چونكە ئەم گروپانەی تر پێشنیاری پڕۆژەی جوداخوازیی دەكەن، ئێمەش، چ وەك دەوڵەت و چ وەك گەل، نە ئەمڕۆ و نە سبەی، بە هیچ پڕۆژەیەكی جوداخواز رازی نابین."

وتوشیەتی"ئەمە كێشەكەیە، خودی ئەو گروپانەی لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن ئەمڕۆكە باس لەوە دەكەن كە دۆخەكە لەدوای جەنگ گۆڕاوە، بێگومان دۆخەكە گۆڕاوە ئەوەش ئاساییە. هەمو جەنگێك شتی زۆر لە كۆمەڵگەدا دەگۆڕێت بەڵام جەنگ بەمانای دابەشكردنی وڵات نییەو بە مانای ئەوە نییە رێگە جیابونەوە بگیرێتەبەر،  بە مانای رۆیشتن نییە بە ئاڕاستەی هەڵپەساردنی دەستور و لاوازكردنی دەوڵەت، جەنگ دەبێت ئەزمونێك بێت كە لە نیشتمانێكی بەهێزترەوە لێی بێینە دەرەوە نەك نیشتمانێكی لاوازتر، بەهیچ شێوەیەك هیچ شتێكی جوداخوازانە قبوڵ ناكەین لە هیچ هەلومەرجێكدا."

سەرۆكی سوریا جەختی كردۆتەوە كە دەبێت پەیەگە لەو ناوچانە بكشێنەوە كە لە چوارچێوەی رێككەوتنی روسیاو توركیادا هاتوە، چونكە پاساویان داوەتە توركیا بۆ ئەوەی ئەجێنداكانی خۆی جێبەجێ بكات لەسوریا.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لە هەندێك ناوچە كشاونەتەوە بەڵام بەتەواوەتی رێككەوتنەكە بۆ كشانەوەیان جێبەجێ نەكراوە ئەوەش چاوەڕوان كراوە چونكە رێوشوێنی كشانەوە لەناكاو و بەپەلە نابێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە لەنێوان سوریا و روسیادا هاوكاری هەیە بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە بەتەواوی جێبەجێ بكرێت و دوای جێبەجێكردنیشی بە توركەكان دەڵێن: ئێوەش بكشێنەوە.
باسی لەوەشكردوە كە دوای رێككەوتنی روسیاو توركیا بەشێوەیەكی رەسمی داوایان لە هەسەدە كردوە كە بچنە ریزی سوپای سوریاوە بەڵامك وەڵامی ئەوان ئەوە بوە كە لە ئێستادا ئامادە نین بۆ پەیوەست بون بە سوپای سوریاوە.

وتوشیەتی"ئێمە لەچوارچێوەی هاریكاری سوری-روسیدا كاردەكەین بۆ ئەوەی رازیان بكەین بێنە ناو سوپای سوریاوە و لەوێوە دژ بە داگیركاریی توركیا بوەستینەوە ئەوەش شوێنی راست و دروستە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو خاكەی ئەم هێزانە بونە هۆی لەدەستدانی لە باكوری سوریا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×