ڤیدیۆ..خۆپیشاندانەكانی ئێران، شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە
  2019-11-16       1042       

خۆپیشاندانەكانی ئێران دژبە بەرزبونەوەی نرخی بەنزین لەو وڵاتە، ئەمڕۆ شەممە، بەشێكی زۆری شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیشی گرتۆتەوە. لەسنە تێكهەڵچون لەنێوان خەڵكی ناڕازی و هێزە ئەمنییەكاندا دروست بوەو لە كرماشانیش هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوەپێكردنی خەڵك بەكارهێناوە.

ئاوێنە: هاوڵاتیانی بەشێك لە شارو شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، ورمێ، لوڕستان و ئیلام ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی سیاسەتە ئابورییەکانی حكومەت خۆپیشاندانیان دەستپێکردوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبونەتەوە، خەڵکی شاری سنە لە مەیدانی ئیقبال هاتونەتە سەر شەقام و ئۆتۆمبێلەکانیان ڕاگرتوەو دژی حكومەت دروشم دەڵێنەوە و لە شاری کامیاران و سەقزیش بەهەمانشێوە خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

هەروەها لە پارێزگای کرماشان خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام و لە شاری کرماشان لە مەیدانی ئازادی خۆپیشاندان دەستیپێکردوە و خەڵک بە وتنەوەی دروشم شەقامەکانیان داخستوە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە پارێزگاکانی ورمێ و لە لوڕستانیش رژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دژی گرانبونی نرخی بەنزین پیشانداوە.

هەر لە پارێزگای کرماشان لە شارەکانی؛ شاباد (ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا)، گەیلانی ڕۆژئاوا و جوانڕۆ سەرپێڵ زەهاو ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و سیاسەتە ئابورییەکانی حكومەت دەستیان بە خۆپیشاندان كردوە.

بەپێی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی سنە سات بە سات بەرفراوان بون و تێكهەڵچون لەنێوان خەڵك و هێزە ئەمنییەكاندا رویداوە.

هەروەها رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە لە کرماشان هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان دژ بە خەڵکی ناڕازی بەمەبەستی بڵاوەپیكردنیان بە کارهێناوە.

هەر ئەمڕۆ لە چەند شارێكی ئێران خۆپیشاندانەكان دژ بە گرانبونی نرخی بەنزین دەستیان پێكردۆتەوەو بەپێی هەواڵێكی بی بی سی، لە شارەكانی ئەسفەهان، كەرەج، شیراز، خوڕەمئابا، سەرلەنوێ خۆپیشاندان دەستی پێكردۆتەوەو خەڵكی ناڕەزی بە راگرتنی ئۆتۆمبێلەكانیان لە شەقامەكانداو هەروەها وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتی دەردەبڕین.

لەئەنجامی جێبەجێكردنی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین، شەوی رابردو لە ژمارەیەكی زۆری شارەكانی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو و هەواڵەكان باس لە كوژرانی كەسێك دەكەن لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا لە شاری "سیرجان" بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەكی رەسمی ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەكردۆتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×