روسیا: ئێران لە بارودۆخێکی سەختدایە، بەرزبونەوەی نرخی بەنزینیش هێندەی دیکە رەوشەکەی ئاڵۆزترکرد
  2019-11-19       1105       
وەزارەتی دەرەوەی روسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران ئاشکراکرد و رایگەیاند، "هێزی دەرەکی" دەستی هەیە لە تێکچونی رەوشی ناوخۆی ئێران. 

ئاوێنه‌: زامیر کابۆلۆڤ، بەڕێوەبەری کاروباری وڵاتانی ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، "ئێران خۆی لە بارودۆخێکی سەختدایە، بەرزبونەوەی نرخی بەنزینیش هێندەی دیکە رەوشەکەی ئاڵۆزترکرد، ئەو کارە وەک کردنی نەوت بو بەسەر ئاگردا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزە دەرەکییەکان چالاکانە کار لەسەر تێکدانی رەوشی ناوخۆی ئێران دەکەن، بەوشێوەیە ئەو هۆکارانە کۆبونەوە و خۆپیشاندانەکانی لێکەوتوەتەوە".

لە هەینی رابردوەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە تارانی پایتەختی ئێران و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی تاران بڕیاریدا نرخی بەنزین بۆ زیاتر لە سێ هێندەی نرخی پێشوی بەرزبکاتەوە. 

لەبارەی ئەوەی ئایا هاوڵاتیانی روسیا لە ئێران هیچ زیانێکیان بەرکەوتوە، کابۆلۆڤ وتی، "لەلایەن باڵیۆزخانەی روسیا لە تاران هیچ زانیاریەکمان لەوبارەیەوە پێنەگەیشتوە". 

دوێنێ عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ''بەشێک لە خۆپیشاندەرانی ئێران چەک و دەمانچەیان پێبوە و ماسکیان بەستوە، ئەوان ئەو رەفتارە بە خۆپیشاندان دانانێن و روبەڕویان دەبنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاران رێز لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەگرێت''. 

رونیشیکردەوە، "بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە وڵاتدا بڕیاری رێبەری ئێرانە و دەسەڵاتی دادوەرییش بڕیارەکەی پەسەند کردوە، چونکە لە بەرژوەندی 60 ملیۆن خەڵکی کەمدەرامەتی وڵاتدایە".

وتەبێژی حکومەتی ئێران رونیکردەوە، "ئەوانەی بەدوای سیاسیەتی ئەمریکا کەوتون، پێیان دەڵێن ئەمریکا درۆتان لەگەڵدا دەکات و ئەگەر سەیر بکەین دەبینین بەراورد بە دو رۆژی رابردو ژمارەی خۆپیشاندەران کەمیکردوە و خەڵکی باوەڕ بە قسەکانی بەرپرسانی واشنتۆن ناکات".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×