ئەنجومەنی عەرەبی: كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەشارێكی دیكە رەتدەكەینەوە
  2019-02-09       557       
ئەنجومەنی عەرەبی لەكەركوك رایگەیاند كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شارێكی دیكە رەتدەكەنەوە. پارێزگاری كەركوكیش دەڵێت؛ ئاگادار نەكراونەتەوە لەوەی رێككەوتن هەبێت بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شارەكە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی عەرەبی لەكەركوك ناوەڕۆكی كۆبونەوەی خۆی سەبارەت بە دۆخی كەركوك خستەڕو.
لەكۆنگرەیە رۆژنامەوانییەكەدا راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت رایگەیاند"پەیاممان ئەوەیە پێکەوەژیان بپارێزین لە کەرکوک، هەرچەندە لەوەدا کەرکوک سەرکەوتوبوە و دۆخەکە ئارامە، بەڵام دەمانەوێت لە سایەى ئەو پێکەوەژیانەدا خوێنڕشتن بوەستێت و لیژنەى دیالۆگ دابمەزرێت لەنێوان پێکهاتەکان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمان و لایەنەکان و بەرەوپێشتر بردنى دۆخى شارەکە." 
جبوری سەبارەت بەو هێزانەی هاتونەتە شارەكە لەجێی هێزەكانی دژە تیرۆر رایگەیاند"هیواخوازین ئەو هێزانەى هاتونەتە شارەکە هاوشێوەى دژە تیرۆر کاربکەن بۆ ریشەکێشکردنى تیرۆر."
لە وەڵامى پرسیارى تایبەت بە هەوڵەکانى گەڕاندنەوەى هێزى پێشمەرگە بۆ کەرکوک، راکان جبورى وتى"بەهیچ شیوەیەک پێمان رانەگەیەندراوە کە رێککەوتن هەبێت بۆ گەڕاندنەوەى پێشمەرگە، پێویستە هێزە ئەمنیە عێراقیەکان کەرکوک بپارێزن".
سەبارەت بە یەکلاکردنەوەى پۆستەکان لە کەرکوک و هەوڵى ئەنجامدانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکە لە هەولێر، جبورى وتى"یەکلاکردنەوەى پۆستەکان پێویستى بە ئەنجومەن هەیە، ئەنجومەنەکەش ئیفلیج کراوە و کارکردن بە واژۆى سەرۆکى ئەنجومەن راگیراوە واتە ئەوە بەربەستە، بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوەش لە دەرەوەى کەرکوک پێویستە پرسیار لەخۆیان بکەن کە ئایا ئەو جۆرە کۆبونەوەانە یاسایین یان نا دەبێت ئەوە ئەنجومەن وەڵام بداتەوە."
لاى خۆیەوە کوتلەى عەرەبى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە بەشدارى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بون رایگەیاند؛ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە شوێنێکى دیکە رەت دەکەینەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×