دکتۆرە مهاباد عەبدوڵا.. ئه‌زمونی‌ یه‌كه‌م ژن كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ زانكۆی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات
  2019-11-22       3084       
دکتۆرە مهاباد عەبدوڵ
دکتۆرە مهاباد عەبدوڵا، ئه‌زمونی‌ یه‌كه‌م ژنه‌ له‌عێراقدا كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ زانكۆی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێت، کاتێک ژن پۆستێک وەردەگرێت دوجار دەخوازێت سەرکەوتوبێت، جارێک وەک ئافرەت، جارێکیش وەک بەرپرسیارتێیەک کەکەوتۆتە سەرشانی.

ئاوێنه‌: دکتۆرە مهاباد عەبدوڵا، سه‌رۆكی‌ زانكۆی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵ ده‌ڵێت، زۆر قورسە بۆ ژنێک کاتێک پۆستێک وەردەگرێت، چونکە دوجار بیر دەکاتەوە، لەیەکەمیاندا وەک ژن بیر دەکاتەوە لەوەی تردا وەک بەرپرسێک.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ 'لەماڵیشەوە کەشوهەوایەکی سەرکردانەی هەیە، دوایین بریار بۆ ئەم دەگەڕێتەوە، هەڵبەت دوای راوێژ کردن بەهەمو تاکەکانی خێزانەکەی.

- دکتۆرە مهاباد کێیە؟
مهاباد کامیل عەبدوڵا لەدایکبوی شاری هەڵەبجەیەو نزیکەی ٢٣ ساڵە لەبواری زانکۆدا کار دەکات، لە ١٩٩٦ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە، دواتر لەساڵی ٢٠٠٠ دا لەگەڵ هاوسەرەکەی دەچنە فەڕەنسا، لەوێ دبلۆم بەدەست دەهێنێت و لە ٢٠٠٦ دا دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و دەبێتە مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سلێمانی، دواتر لە ٢٠٠٧ دا لەخوێندنی دکتۆرا لەهەمان زانکۆ وەردەگیرێت و لێرەوە کاروانێکی تری قورس بۆ مهاباد کامیل دێتە پێش. لەماوەی ٣ ساڵدا و بەسەرکەوتوانە دەتوانێت ئەو قۆناغە ئەکادیمیە ببڕێت.

لەدوای بەدەستهێنانی دکتۆرا، ئەمجارە مهاباد کامیل کۆڵ نادات تاکو لە ٢٠١٥دا ناونیشانی یاریدەدەری پرۆفیسۆری پێ دەدرێت.

دکتۆر مهاباد چەندین پۆست وەردەگرێت لە زانکۆ لەوانە بەڕێوەبەری تۆمارگەی گشتی زانکۆ، نوینەری مامۆستایان، دوایین جار بەرێوەبەری کتێبخانەو ناوەندی چاپخانەی زانکۆ دەبێت.

مهاباد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەموو کات لەماڵەوە رۆڵێکی سەرکردانەی گێڕاوە و هەرئەمەش وای کردووە کە هەمیشە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و ئیداری پێ بسپێردرێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: ''من هەمیشە هەستم کردووە پۆستێک پێویستی بەمنە، ئەوە منم دەبێت هەڵسم بە راپەڕاندنی ئەو ئەرکە بۆیە زۆر جار پۆستەکان خۆی هاتوون بەرەوپیرم''. دکتۆرە مهاباد نایشارێتەوە کە هەندیک جار ئەندامی لیژنە بووە بەڵام بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە وەک سەرۆکی لیژنە مامەڵەی کردووە.

لەبارەی ئەو کاتەی پۆستی سەرۆکی زانکۆیەکی پێدەسپێردرێت بەتایبەت کە لەعێراقدا ئەمە یەکەمین جارە پۆستێکی لەو چەشنە دەدرێت بە ئافرەتێک، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە دکتۆر مهاباد کامیل دەڵێت، ''لەراستیدا کە ئەم پۆستەم وەرگرت دوو جۆر هەستم لادروست بوو، هەستێکی خۆشی چونکە ئەمە مێژووییەکە، بۆ خۆم و کەسوکار و خانەوادەکەم، بەڵام بەدیوی دووهەمدا ئەم پۆستە بۆ من بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە، چونکە دەخوازم سەرکەوتوو بم تێیدا، وەک ژنێک و وەک بەرپرسیارێتیەکیش کە پۆستەکەمە''.

دکتۆر مهاباد ئاماژە بەوە دەکات زۆر قورسە بۆ ژنێک کاتێک پۆستێک وەردەگرێت، چونکە دوو جار بیر دەکاتەوە، لەیەکەمیاندا وەک ژن بیر دەکاتەوە لەوەی تردا وەک بەرپرسێک و دەڵێت: ''هەربۆیەشە هەمیشە هەوڵدەدات کە خۆی بسەلمێنێت. کاتێک ژن پۆستێک وەردەگرێت دوو جار دەخوازێت سەرکەوتووبێت، جارێک وەک ئافرەت، جارێکیش وەک بەرپرسیارتێیەک کەکەوتۆتە سەرشانی. چونکە چاومان لەسەرە لەکۆمەڵگە''.

ژیانی تایبەتی دکتۆر مهاباد
دکتۆر مهاباد کە دێیتە سەرباسی ژیانی تایبەتی و خێزانی باس لەوە دەکات کە لەماڵیشەوە کەشوهەوایەکی سەرکردانەی هەیە، دوایین بریار بۆ ئەم دەگەڕێتەوە، هەڵبەت دوای راوێژ کردن بە هەموو تاکەکانی خێزانەکەی.

لەبارەی تێپەڕینی رۆژێک لە ژیانی دکتۆر مهاباد، ئەو وتی: ''بەیانیان لەخەو هەڵدەستم، یەکسەر منداڵەکان بەخەبەردەهێنم. نان و چایان بۆ ئامادە دەکەم و پاشان دێمە سەر کارەکەم و ئەوانیش دەچن بەلای کاری خۆیانەوە. منداڵەکان دەچنە خوێندنگەو باوکیان دەچێتە زانکۆ''.

ئەو باس لەوە دەکات کە لەنێوان ژیانی تایبەت و ژیانی سەرکارییدا هاوسەنگییەکی راگرتووە و کات بۆ هەردووکیان تەرخان دەکات وەک پێویست.هەروەک بەزەردەخەنەیەکەوە دکتۆر مهاباد باسی ئەوەشی کرد کە منداڵەکانم ئەوەندەی پەیوەندی بەمنەوە دەکەن پەیوەندی بەباوکیانەوە ناکەن، واتە هاوسەنگیم راگرتووە لەنێو کارەکەم و ماڵەوەدا.

دکتۆر مهاباد نایشارێتەوە کە زۆربەی سەرکەوتنەکان بەهاوکاری هاوسەرەکەی ئەنجام داوە و لە زۆر بواردا یارمەتی وەردەگرێت و بەهۆی هاوکارییەکانی هاوسەر و خێزانەکەیەوە توانیوێتی لە زۆرێک لە بەرپرسیارێتیەکانیدا سەرکەوتوو بێت.

لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هۆکار چیە لەناو هەڵەبجەدا ئافرەتان رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە پۆستە باڵاکاندا، ناوبراو بۆ ئەوەی گەڕاندەوە کە راستە ئافرەتان خۆیان لە ناوچەکەدا لێهاتوون، بەڵام هاوکات پیاوەکانیش باشن لە رۆڵ دان بە ئافرەت و دەڵێت: ''ئیمە لەم ناوچەیەدا پیاوەکانیش باشن، رەنگە لەهەندێک ناوچەدا رێگە نەدەن بەوەی تەنانەت ئافرەت بشخوێنێت. بەڵام لەم ناوچەیە پیاوانیش حەز دەکەن وەک ئەوان شان بەشانیان کار بکەن و بخوێنن و پێگەو رۆڵی تایبەتیی بدرێت بە ئافرەتان.

دکتۆر مەهاباد ئامۆژگاری ئافرەتان دەکات کە با خەون و خەیاڵیان هەبێت تەنانەت گەورەش بێت و هەوڵیشی بۆ بدەن و هەرگیز دەستەواژەی 'ناتوانم' بەکارنەهینن لە بەرامبەر هیچ ئەرکێکدا کە پێیان دەسپێردرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×