2019-11-28   987     
پێوه‌ری ئاوی ماڵان
به‌وته‌ی ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ئه‌گه‌ری سكاڵای ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی پێوه‌ری ئاوی ماڵانیان داناوه، حكومه‌ت نزیكه‌ی 60 ملیار دینار به‌و سێ كۆمپانیایه ده‌دۆڕێنێت.
ئاوێنه: دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه، "بۆ زانیاری هه‌مو لایه‌ك كه‌متر له %50 ی هاوڵاتیان پێوه‌ری ئاویان به‌ستوه، دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ڕابردوشدا ده‌ركه‌وت ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌واو بازرگانیه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كۆمپانیایه‌كه، نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌وانه‌ش پێوه‌ره‌یان به‌ستبو لێیان كردوه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه هه‌فته‌ی ڕابردو كۆمپانیاكانی خوێندنه‌وه‌ی پێوه‌ری ئاوی ماڵان (ختیب علمی، گرنگ، ئۆرانۆس) دواین ئاگاداركردنه‌وه‌یان داوه به‌حكومه‌ت‌و سه‌رجه‌م كه‌ل‌وپه‌ل‌و بنكه‌كانی كۆكردوه‌ته‌وه، ده‌ركه‌وتوه ئه‌م پرۆژه‌یه له‌سه‌ره‌تاوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دو كۆمپانیای نزیك له وه‌زیری شاره‌وانی پێشوو به‌رپرسانی سلێمانی بوه."
راشیگه‌یاندووه، "چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی سه‌باره‌ت به‌پێوه‌ری ئاوی ماڵان گه‌یشته ده‌ستمان له‌په‌رله‌مان، هێشتا له‌دیراسه‌كردن‌و پێداچونه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كانداین‌و وه‌لامه‌كانی وه‌زاره‌ت شتی زۆر سه‌یرو سه‌رنج ڕاكێشی تێدایه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت، " بۆ نمونه: پێوه‌ری ئاوی ماڵان به‌هه‌ردو دیودا هه‌وا ده‌خوێنێته‌وه! پێوه‌ری صینی بۆ هاوڵاتیان به‌ستراوه چونكه ده‌ستیكار هه‌رزانه! پاراستنی پێوه‌ره‌كان له‌گه‌رمی‌و ساردی هاوین‌و زستان ئه‌ركی هاوڵاتیانه! ئه‌و كۆمپانیانه‌ی پێوه‌ره‌كانیان هێناوه، خۆیان كۆمپانیای سێیه‌میان دیاریكردوه بۆ چاودێریكرنی خۆیان!".
دابان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه كه له‌ئه‌گه‌ری سكاڵای ئه‌و كۆمپانیایانه له‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، حكومه‌ت نزیكه‌ی 60 ملیار دینار به‌و سێ كۆمپانیایه ده‌دۆڕێنێت، بۆیه ئه‌م كابینه‌یه ناچار كراوه فشار له‌هاوڵاتیان بكات تا ئه‌و پرۆسه شكستخواردوه به‌رده‌وام بێت‌و هاوڵاتیان باجه‌كه‌ی بده‌ن."