هۆزەكانی عێراق داوای ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران دەكەن
  2019-12-02       833       
هۆزەكانی عێراق داوایان لە حكومەت كرد هەموو ئەو كەس و لایەنانە ئاشكرابكات كە لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندەرانیان كردووەتە ئامانج، بە سزای خۆیان بگەیەنن.

ئاوێنه‌: سەرۆك هۆزێک دەڵێت "بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە كە بووەتە هۆكاری رژانی خوێنی عێراقییەكان، تاوەكو پیاوانی بوێریش مابن، خوێنی خۆپیشاندەران وننابێت، گەلی عێراق لە حكومەت بێئومێدبووە و چەندین جاریش جەختمان لەسەر گرنگیی هەڵوەشاندنەوەی ئەو حكومەتە كردووەتەوە".

خۆپیشاندەران دەڵێن، رژانی خوێنی عێراقییەكان لە ئەستۆی سیاسیه‌کانه‌ بە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حكومییەوە.

خۆپیشاندەرێک ئاماژە بەوە دەکات "هەر دڵۆپە خوێنێكی رژاوی گەلی عێراق لە ئەستۆی سیاسەتڤانانە. هەروەها بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی خۆپیشاندەرانیش لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكانە".

لە پارێزگای بابلیش سەرۆك هۆزەکان داوای ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران دەكەن و دەڵێن هێشتا حكومەت و سیاسەتڤانەكان تێنەگەیشتوون گەل چیی دەوێت.

سەرۆک هۆزێک رایدەگەیەنێت "داوا لە حكومەت دەكەین بكوژانی خۆپیشاندانەكان ئاشكرابكات. ئەو بێدەنگییەی حكومەتیش لەبەرامبەر ئەو رووداوە خوێناوییانەی لە عێراق روودەدەن و بەهۆیانەوە چەندین گەنج كوژراون، زۆر بەلامانەوە سەیرە! هەموو کەسێک دەزانێت گەلی عێراق چی دەوێت و سیاسەتڤانەكان چۆن كۆتاییاندێت، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستا حكومەت و سیاسەتڤانەكان تێنەگەیشتوون گەل چی دەوێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×