پەرلەمانتارێکی هەدەپە باڵیۆزی هۆڵەندا دەخاتە گریان
  2019-12-02       3118       
عومەر فاروق لیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا لەمیانەی بەشداری کردنی لە پانێڵێک بە ناونیشانی “بڕیار لە جێگەی یاسا، مردنێکی مەدەنی” کە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤ،  لە شاری گازی عەنتێب ڕێکخرابوو، باسی لەو نەهامەتییانە کرد کە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بووەتەوە کە بە ‘بڕیار لە جێگەی یاسا’ لە کارەکانییان دوورخراونەتەوە. باڵیۆزی هۆڵەندا کاتێک گوێی لەو وتانەی گەرگەرلیئۆغڵو بوو نەیوانی فرمێسکەکانی ڕابگرێت و وتی “ئەم شتانەش کراوە؟!”.

ئاوێنه‌: مونیر کۆرکماز کە خۆی پێشتر مامۆستا بووە و بە ‘بڕیار لە جێگەی یاسا’ لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمی بڕیار لە جێگەی یاسا، سەبارەت بەو نەهامەتییەی ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بووەتەوە کە بە بڕیار لە جێگەی یاسا لە کارەکانییان دوورخراونەتەوە، وتی ''لە شوێکدا ١٤٠ هەزار لەناوبران، ویستیان بە برسێتی تاقییان بکەنەوە، هیچ حسابێکیان بۆ نەکرا، تەنانەت ویستیان مافی دەنگدانیشیان لێ وەربگرنەوە، ڕاپێچی مەرگێکی مەدەنی کران بە هیچ شێوەیەک هاوشێوەی لە دونیادا نەبینراوە. ئەمە بابەتێکی ویژدانییە و پەیوەندی بە هەموو کەسێکەوە هەیە کە ویژدانی هەبێت. پێویستە هەمووان بزانن چ ئازار و ناڕەحەتییەکمان چەشتووە''.

دواتر عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو کە خۆشی پزیشک بووە و بە بڕیار لە جێگەی یاسا لە کارەکەی دوورخرایەوە، لە ئێستادا نوێنەری هاوخەمەکانی خۆی دەکات لە پەرلەمانی تورکیا, ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک ڕستەی وەک ‘لە دوای کودەتا ئاساییە شتی وا ڕوو بدات’ و ‘ئەوانە حەقی خۆیانە’ لە لایەن دەسەڵاتەوە هەوڵ دەدرێت دوورخستنەوەی کەسانی بێتاوان لە کارەکانییان لە ڕێگەی ‘بڕیار لە جێگەی یاسا’ وە ئاسایی بکرێتەوە.

گەرگەرلیئۆغڵو وتی ''ئێمە ئەم ستەمکاری و ئەم بێویژدانییە بۆ هەموو کەسێک باس دەکەین. ئەوەمان بۆ کریستیان بێرگەر باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا باسکرد، لەو بارەیەوە ڕاپۆرتمان پێشکەش بە باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا کردووە. ماریان دی کواستێنت باڵیۆزی هۆڵەندا لە تورکیا پێشوازی لێکردین و کاتێک باسی ئەو ستەمکاری و بێویژدانییەمان بۆ کرد کە بەرامبەر بەو کەسە بێتاوانانە ئەنجام دەدرێت نەیتوانی فرمێسکەکانی خۆی ڕابگرێت و وتی ‘ئەم شتانەش کراوە؟!”.

گەرگەرلیئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا وتی ''دەسەڵاتدارانی تورکیا هەندێک هەنگاوییان ناوە کە بەو هۆیەوە تورکیا دادەبەزێت بۆ نزمترین ئاست لە جیهاندا لە ڕووی یاساوە. ئایا ئەوانەی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە شایستەی ئەو ستەمە گەورەیەن؟ با هەموومان ناسنامە سیاسییەکانمان وەلابنێین. با هەموومان ببینین کە ئەم ستەمکارییە کارێکی ڕاست نییە. ئەمڕۆ هەموو لایەنەکان پریشکێکی ئەو ستەمکارییەیان بەردەکەوێت. بۆ نموونە دەزگای فورکان دەستی بەسەردا گیرا، و هەموو چالاکییەکانی قەدەغە کرا. لە خۆپیشاندانەکاندا پۆلیس پێیان دەڵێت ‘ئایا تۆ هاوڵاتی ئەم وڵاتەیت’. بارودۆخەکە ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە. دەسەڵات مافی هاوڵاتیبوونی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان زەوت دەکات. ئەم خاکە نامۆ نییە بە ئازار و ناڕەحەتییەکان، بەڵام پارێزکارەکان تازە لەوە تێدەگەن. ئەو پارێزکارانەی دەیانوت ‘هیچ لە کێشەی کورد تێناگەم’ ئەمڕۆ دەڵێن ‘ئێستا زۆر بە باشی لە کێشەی کورد تێدەگەم’. لێرەوە دەگەین بە کوێ؟ ئەگەر ئێمە لێرەوە نەگەین بە دەوڵەتێکی دیموکراسی کە مافەکانی مرۆڤ تێیدا جێگیر بێت کەواتە بێهودە هەوڵ دەدەین. پێویستە تورکیایەکی نوێ لەسەر بنەمای ئەو وانانە بنیادبنرێت کە لە چەوساندنەوەکانەوە وەرمانگرتووە. پێویستە وانەی باش لەو چەوساندنەوانە وەربگرین. ئەو شتانەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت بە ڕاستی زۆر سەختن. ئێمە بە زیندانەکاندا دەگەڕێین. لە نزیکەوە بارودۆخی پەرێشانی ژنان و منداڵان لە ناو زیندانەکان دەبینین. ئەم ستەمکارییە جیاوازی ناکات. تەماشای قاوشێک دەکەیت؛ ژنێکی کورد بە منداڵەکەیەوە بەند کراوە، لە قاوشێکی دیکەدا ژنێک بە هۆی ئەندابوونی لە بزوتنەوەی گولەن لەگەڵ منداڵەکەی بەند کراوە. ئەمڕۆ لە زیندانەکاندا هەزاران منداڵ هەن. بەشێکی گەورەی ئەم کۆمەڵگایە تووشی بومەلەرزەیەکی گەورە بوو. ئێستا تورکیا لە ژێر پاشماوەی ئەو بومەلەرزەیەدایە. لە ئەنجامی ئەو تۆمارانەدا ڕووبەڕووی تورکیایەکی مەترسیدار بووینەوە. ئەوە بە ڕاستی کۆمەڵکوژییە. لە کەشێکداین کە بە هۆی ئەو بارودۆخە مەترسیدارەوە خەڵکێکی زۆر پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن. ئەوە ناوی کۆمەڵکوژییە. ئێمە بێدەنگ نابین و ئەو بۆ هەموو جیهان باس دەکەین. خەڵکی بە من دەڵێن بۆچی هێندە باسی ئەو کەسانە دەکەیت کە بە ‘بڕیار لە جێگەی یاسا’ لە کارەکانییان دوورخراونەتەوە، منیش دەڵێم لێرەدا کۆمەڵکوژییەکی گەورە هەیە. هەرچەند باسی ئەو ستەمە بکەین هێشتا کەمە.”
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×