فراكسیۆنی پارتی داوا له‌فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ ده‌كات به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن
  2019-02-11       675       

فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرایده‌كات كه‌ فراكسیۆنی پارتی داوای لێكردون به‌شداری له‌كۆبونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا بكه‌ن كه‌ بڕیاره‌ رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵ هێشتا به‌رچاوی رون نییه‌.

ئاوێنه‌: عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌ رایگه‌یاند؛ ئەمڕۆ لە هۆڵی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان پێشوازیمان کرد لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

وتیشی"لە دیدارێکدا باس لەو کۆبونەوەیە کرا کە بڕیارە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە بەمەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەنجام بدرێت."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد؛ دواکاری وه‌فدی فراکسیۆنی پارتی لە ئێمە بەشدارییکردنمان بو لەو کۆبونەوەیەدا.

عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"ئێمەش پێمان ڕاگەیاندن کە‌ له‌یەکەم کۆبونەوەی خولی نوێدا لەگەڵ ئەوە بوین کۆبونەوەکە بەکراوەیی بەجێنەهێڵدرێ و تیایدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت وەک لە پەیڕەوی نوێی ناوخۆدا هاتوە."

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ وتیشی"سەبارەت بە کۆبونەوەکەی ١٨ ی مانگیش، ئێمە هێشتا بەرچاومان ڕون نیەو پێویستە بزانین وردەکاری کۆبونەوەکەو ئەو کەسانەی کاندیدن بۆ پۆستەکان چییەو کێن."

له‌كۆتاییشدا وتی"بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێکیش قسەو هەڵوێست و بڕیاری خۆمان هەیەو لەکاتی خۆیدا ڕایدەگەیەنین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×