بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە: ژمارەی تاكسییەكان لەهەرێم كەم دەكرێتەوە
  2019-12-07       710       

سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێم دەڵێت، لەگەڵ جێبەجێكردنی سیستمی نوێی كاركردنی تاكسی، ژمارەی تاكسییەكانیش كەمدەكرێتەوەو چونكە هەمو ستانداردێكی جیهانیی تێپەڕاندوە.

ئاوێنە: سەڵاح جەوھەر، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەرێم، بە ماڵپەڕی رەمسی پارتی راگەیاند"سیستمی نوێی كاركردنی تاكسی لای وەزارەتی گواستنەوە كۆتایی ھاتوەو تەنها لەسەر وەزارەتی ناوخۆ ماوە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە پڕۆژەكە پەیوەستە بەو بایۆمەترییەی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامی داوە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مەرجی شۆفێری تەكسییان تێدایە، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا بە سیستمی نوێ، كاری تاكسییەكان دەست پێدەكات."

بە گوێرەی ئاماری ھاتوچۆ، لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٩٠ ھەزار ئۆتۆمبێلی تاكسی تۆماركراوەو ژمارەی تاكسی بەروارد بە ژمارەی دانیشتوان، ستانداردی جیھانیی تێپەڕاندوە.

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە وتی"بەپێی ستانداردی جیھانی، ھەر ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ كەس ئۆتۆمبێلێكی تاكسیی پێویستە، بەڵام لەھەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری بەردەست ھەر ٥٠ كەس تاكسییەكی بەردەكەوێت، ئەوەش ژمارەیەكی زۆرەو پێویستی بە پێداچونەوە ھەیە."

سەڵاح جەوھەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد"پلانی حكومەت لە رێكخستنەوەی تاكسییەكان، كەمكردنەوەشیانە، لەبەرئەوە ژمارەی تاكسییەكان كەم دەكرێتەوەو ئەوانەشی مەرجیان تێدایە بە سیستمی پێشكەوتو دەكەونە كار، بۆ نمونە ھەر ئۆتۆمبێلێكی تاكسی لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەكە ئەدرەسی شوفێرەكەی لەسەر دەبێت وەك ناوی شۆفێرو ژمارەی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تەلەفۆن و ژمارەكانی فریاكەوتن، ئەوەش بۆ سەلامەتیی گیانی سەرنشین و ناسینەوەی تاكسی لە كاتی ھەر روداوێكدا."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×