تورکیا لە سەرێکانی و گرێ سپی 4 هەزار پۆلیس دادەمەزرێندرێت
  2019-12-07       1012       
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا و میلیشیا جیهادیەکان ناوچەی سەرێکانی و گرێ سپی، سوپای تورکیا ئەو ناوچانەی داگیرکرد و هەرچەندە تورکیا رایگەیاند ''لەم ناوچانە نامێنێتەوە، بەڵام وا بڕیارە تورکیا لەم ناوچانەدا ٤٠٠٠ سەرباز دابمەزرێنێت''.

ئاوێنه‌: ئەم ڕونکردنەوەیەش لەلایەن پارێزگاری ئورفەوە بڵاو کرایەوە و ئاماژەی بەوەدا لە ماوەیەکی کەمدا ٤٠٠٠ هەزار هاوڵاتی ئەو ناوچانە وەک پۆلیسی ناوخۆ دادەمەزرێن و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیان پێ دەسپێردرێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە سوپای تورکیا لە پێشودا دوای ئەوەی کە دەستی بەسەر جەرابلوس و ئەلبابدا گرت، قایمقامی بۆ ناوچانە داناوە، هەروەها لە ئێستادا تورکیا سیستەمی بانقی لەو شارانەدا داناوە و چەند مارکێتێکی تورکی کردووەتەوە و هەروەها چەند بەشێکی زانکۆی لەو شارانەدا کردووەتەوە و بەستونی بە زانکۆی گازی ئەنتابەوە. بەم شێوەیەش ئەو شارانە کە لە ڕاستیدا شاری سورین وەک یەکێک لە شارەکانی تورکیا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

عەبدوڵا ئێرین پارێزگاری ئورفە ڕایگەیاند، ''لەگەڵ ئەنجومەنی کار بەڕێکەری گرێ سپیدا لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون کە لەم هەفتەیەدا ١٨٠٠ گەنجی سوری وەربگرن، ئەم پۆلیسانە پاراستنی ئاسایشی شارەکەیان دەدرێتە ئەستۆ، پاش گرێ سپی وا بڕیارە لە سەرێکانییش ژمارەیەک سەرباز وەربگیرێن''.

پارێزگاری ئورفە ستایشی ڕۆڵی ئیسلامیە توندڕەوە جیهادیەکانی کرد و وتی ''خودا لە گوناهیان خۆش بێت ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان گێرا هەتا ئێمە بتوانین ئەم ناوچانە بخەینە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆمانەوە''.

پارێزگاری ئورفە لە درێژەی قسەکانیدا وتی ''ئەم هێزانە کە وابڕیارە لەم هەفتەیەدا ١٨٠٠ کەسیان چاوپێکەوتنیان لەگەلدا بکرێت و پاشانیش دابمەزرێن، لە هەردوو شاری گرێ سپی و سەرێکانی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەشێوەیەکی باش ڕاهێنانی سەربازیان پێ ئەنجام دەدرێت دوای ئەوە دەست بە کارەکانیان دەکەن''.

 پارێزگار باسی لەوەش کرد کە بە سێ هەنگاو ئەم ژمارە پۆلیسە دادەمەزرێت و ژمارەی هەمویان لە نێوان ٣٥٠٠ بۆ ٤٠٠٠ پۆلیسدا دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×