هۆشیار عەبدوڵا: دەنگ بە یاسای هەڵبژاردنەكان نادەین ئەگەر بڕگەی ژماردنی ئەلكترۆنی دەنگەكان لانەبرێت
  2019-12-11       893       

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بڕگەی جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلكترۆنی دەنگەكان لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكاندا لانەبرێت، ئەوا دەنگ بە یاساكە نادەن، چونكە بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە بەهۆی جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی لەهەڵبژاردنی پێشودا دەستكاری دەنگەكان كراوە.

ئاوێنە: هۆشیار عەبدوڵا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، زۆربەی وڵاتان جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلكترۆنیی دەنگەكانیان لابردوەو گەڕاونەتە سەر جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان بە دەست ئەوەش لەپێناو گەرەنتیكردنی بێگەردی و دادپەروەریی لە هەڵبژاردنەكاندا.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە لە هەڵبژاردنی رابردوی عێراقدا كە بەشێوەی ئەلكترۆنی دەنگەكان ژمێردران، ئەزمونێكی تاڵ بو كە تێیدا دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كراو زۆر بە ئاسانی "ساختەكاری" تێپەڕێندرا.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە ئێستادا شەقامی عێراقی دەكوڵێت و ناڕەزایەتییەكان لە زۆربەی پارێزگاكان بەردەوامە ئەوەش ئاكامێكی حەتمی ئەو بنەما خراپەیە كە حكومەتی ئێستای لە پەرلەمانێكەوە لێ هاتە ئارا كە گومان لە چۆنیەتی سەركەوتنی هەندێك لەئەندامەكانی لە هەڵبژاردنەكاندا دەكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە ژماردنی ئەلكترۆنی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی رابردودا بۆرسەیەكی كڕین و فرۆشتنی دەنگەكانی دروستكرد و هەندێك كەس گەیشتنە پەرلەمان كە زۆر بێهیوابون لە سەركەوتنیان، ئەم نمونانەش زۆرن و گەل بەباشی ئاگادارە.

هۆشیار عەبدوڵا هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەوان دەنگ بە بڕگەی ژماردنی ئەكلترۆنی دەنگەكان لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان نادەن، ئەگەر ئەو بڕگەیەش تێپەڕێنرێت ئەوا یاساكە بە پوچەڵ دەزانن و لەلایەن خەڵكیشەوە رەتدەكرێتەوە و داواشی لە شەقامی عێراقی راپەڕیو كردوە كە بەوپەڕی هێزەوە داوای رەتكردنەوەی ئەم جۆرە ژماردنەی دەنگەكان بكەن.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×