سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: پڕۆژەیاسای چاكسازیی هەنگاوێكی باشە بەڵام بەس نییە
  2019-12-12       1105       

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، پڕۆژە یاسای چاكسازیی كە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكرا، هەنگاوێكی باشە بۆ رێكخستنەوەی خەرجییەكانی كەرتی وەزیفەو خزمەتی گشتی بەڵام كافیی نییەو هێشتا چاكسازیی تەواوی ئەو كەرتە پێویستی بە كاری زیاترە.

ئاوێنە: ئامانج رەحیم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەهەژماری خۆی لەفەیسبوك رایگەیاند"پڕۆژە یاسای چاکسازیی زادەی کاری هاوبەشی هەموو دڵسۆزانە وەک یەک تیم، هەق نییە کەس بیکات بە هەوڵی کەسی خۆی بۆ موزایەدە، ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی باشە بەئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکانی کەرتی وەزیفەو خزمەتی گشتی لەسەر بنەمای دادپەروەریی و شایستەبون، بەڵام کافیی نییەو هێشتا چاکسازیی تەواوی ئەم کەرتە کاری زیاتری لەم پڕۆژە یاسایە دەوێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"راستە لە کۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران کە نزیکەی شەش سەعاتی خایاند قۆناغی پەسەندکردنی بڕی، بەڵام هێشتا قۆناغی تەشریعکردن و دەرکردنی وەک یاسایەکی بەرکار ماوە، لەسەرو ئەوانەشەوە عیبرەت لە جێبەجێکردندایە."

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وتوشیەتی"خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لەگەڵ هاوەڵەکانم داکۆکیکارێکی سەرسەخت بوم و دەبم لەهەوڵەکانی چەسپاندنی دادپەروەریی و شایستەبون لە سودوەرگرتن لە پارەی گشتی بەجۆرێک زامنی موچەی موچەخۆریی شایستە بکات و چیتر بەناشایستەیی خەڵک پارە لە بودجەی گشتی وەرنەگرێ."

ئامانج رەحیم داواشی كردوە گوێ لەو پڕۆژەو تەحلیل و تەقسیرانەی لە سۆشیال میدیا دەكرێن سەبارەت بە پڕۆژەكە نەگیرێت بەتایبەت ئەوەی سەبارەت بە دەرماڵەی فەرمانبەران و پێشمەرگەو پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەوترێت و وتویەتی"سەرلەبەری (ئەوانە) ناڕاستە و لەماوەی داهاتودا بەوردی قسە لەسەر بڕگەکانی پڕۆژەکە دەکەم بەو شێوەی پەسەندکرا."

وتوشیەتی"هەق نییە کەسیش بەناشارەزایی قسە لەسەر ئەم بابەتانە بکات و سەر لەخەڵک تێکبدات و بیانخاتە دڵەڕاوکێ."

لەكۆتاییشدا ئامانج رەحیم وتویەتی"چاکسازیی لەدارایی گشتی پێویستی بە هەنگاوی لەم شێوەیە هەیە بۆ بواری داهات و خەرجییەکانی دیکەش لە بواری خەرجی گشتی وەک خەرجییەکانی بەکارخستن و گرێبەستە حکومیەکان و خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنانیش، سەرەڕای چاکسازیی ئیداری لەم هەیکەلیەتە قەبەیەی حکومەت و ڕێکخستنەوەی میلاک و وەسفی وەزیفیش."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×