ئەحمەد داودئۆغلۆ حزبە نوێیەكەی راگەیاند
  2019-12-13       1022       

ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشوی توركیاو هاوپەیمانی ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی، حزبە نوێیەكەی راگەیاند كە ناوی "پارتی ئایندە"یەو وتی، ئەو شێوازە سیاسییە رەتدەكەینەوە كە تێیدا كەسایەتی دەپەرسترێت.

ئاوێنە: ئەحمەد داودئۆغلۆ، تەمەن 60 ساڵان، بەرلەوەی لە حزبەكەی ئەردۆغان جیاببێتەوە، لەساڵانی نێوان 2014 بۆ 2016 سەرۆك وەزیران توركیا بوەو پێشتریش وەزیری دەرەوە بوە.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، داودئۆغلۆ ئەمڕۆ لەوتەیەكدا لە ئاهەنگی راگەیاندنی حزبە نوێیەكەیدا لە ئەنكەرە رایگەیاند"وەك حزب ئەو شێوازە سیاسییە رەتدەكەینەوە كە تێیدا كەسەكان دەپەرسترێن و هەروەها كارمەندی خراپیان هەیە."

دوێنێ پێنجشەممە دو كەسی نزیك لە داودئۆغلۆ داواكاریی تۆماركردنی حزبە نوێیەكەیان كە ناوی "پارتی ئایندە" دەبێت پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆی توركیا كرد.

داودئۆغلۆ لە وتەكەیدا كە نزیكەی یەك سەعاتی خایاند ناوی ئەردۆغانی نەهێنا بەڵام بە ئاشكرا رەخنەی لەو دەسەڵاتە بەرفراوانانە گرت كە دراونەتە سەرۆك كۆمار بەپێی هەموارە دەستورییەكانی ساڵی رابردو.

داودئۆغلۆ كە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لە پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار دەستی لەكاركێشایەوە، وتیشی"ناكرێت كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیمان هەبێت لەسایەی سیستمێكی وەك ئەوەی ئێستادا."

داودئۆغلۆ جەختیشی كردەوە كە حزبەكەی بەرگری لە مافی كەمینەكان، سەروەریی یاسا، ئازادی رۆژنامەگەریی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەكات ئەوەش وەك ئاماژەیەك بە خراپبونی دۆخی مافە مەدەنییەكان لەمیانی حوكمڕانی ئەردۆغاندا.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×