2019-12-13   1828     
فریاڵ کلارک، نەدیم زەهاوی
لەهەڵبژاردنەكەی دوێنێ پێنجشهممهی پهرلهمانی بهریتانیا دو كورد توانیان دەنگی پێویست بەدەستبهێننو ببنە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
ئاوێنه: نهدیم زههاوی، پاڵێوراوی پارتی پارێزگارانو فڕیاڵ كلارك، پاڵێوراوی پارتی كرێكارانی بەریتانیا ئهو دو كورده بون كه لەکۆی چوار پاڵێوراوی کورد توانییان لهههڵبژاردنی پهرلهمانی ئهو وڵاتەدا سهركهوتن بهدهستبهێنن.
فریاڵ کلارک، كە کوردێکی باکوری کوردستانە توانی بەبەدەستهێنانی 23 هەزارو 240 دەنگ، سەركەوتن بەدەستبهێنێتو ببێتە ئەندامی پەرلەمان، هاوكات نەدیم زەهاوی كە كوردێكی باشوری كوردستانەو خەڵكی خانەقینە، بەبەدەستهێنانی 33 هەزارو 343 دەنگ توانی سەركەوتن بەدەستبهێنێتو ببێتە پەرلەمانتاری بریتانیا.
هەر لەو هەڵبژاردنەدا دو كوردی دیكە بەشدارییان كردبو، ئیبراهیم دوگوز كە كوردێكی خەڵكی باكوری كوردستانەو پێشبینی دەكرا سەركەوتن بەدەستبهێنێت، توانی 15 هەزارو 211 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام چانسی سەركەوتنی بۆ پەرلەمانی بهریتانیا بەدەستنەهێنا، هاوكات كوردێی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی کاوە بەھەشتی زادە بەبەدەستهێنانی 7 هەزارو 749 دەنگ چانسی سەركەوتنی بۆ پەرلەمانی بهریتانیا نەبو.