مه‌سرور بارزانی‌: یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ كابینه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ ئارایشته‌
  2019-02-15       4127       

ئا: هاوكار حسێن

مه‌سرور بارزانی‌ پێیوایه‌، یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو كابینه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ زیاتر ئارایشته‌‌و یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ به‌درۆ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتن له‌خانه‌قین. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "كه‌مالی‌ سه‌ید قادر به‌نهێنی‌ له‌لای‌ من دانی‌ به‌وه‌ داناوه‌ كه‌ هه‌رچیه‌كی‌ وتوه‌ درۆ بوه‌". له‌لایه‌ن خۆیشیانه‌وه‌ ئه‌مریكیه‌كان دركیان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "پارتی‌ به‌رده‌وام به‌دگومان بوه‌ به‌رامبه‌ر تاڵه‌بانی‌‌و ده‌شڵێن، به‌درێژایی‌ مێژو كورده‌كان كێشه‌ی‌ ئه‌وه‌یان هه‌بوه‌ كه‌ نه‌یاتوانیوه‌ یه‌كگرتویی‌ خۆیان له‌به‌رامبه‌ر یه‌ك دوژمنی‌ هاوبه‌شدا بپارێزن.


به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ پێگه‌ی‌ ره‌سمی‌ ویكیلیكس ئاشكرایده‌كات كه‌ مه‌سرور بارزانی‌، كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌لای‌ ئه‌مریكیه‌كان به‌دگومانی‌ خۆی‌ نیشانداوه‌ به‌رامبه‌ر سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌، به‌تایبه‌ت تاڵه‌بانی‌‌و به‌رهه‌م ساڵح، به‌وه‌ی‌ له‌به‌غدا كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، راشیگه‌یاندوه‌، یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو كابینه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئارایشته‌ ئه‌وه‌نده‌ واقعی‌ نیه‌.

به‌پێی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كه‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌توه‌، له‌زاری‌ مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ ئاژانسی‌ پاراستنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ كێشه‌ نهێنیه‌كانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ئاشكراده‌كات‌و ناوبراو پێیوایه‌، "یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو كابینه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ ره‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئارایشت بێت ئه‌وه‌نده‌ واقعی‌ نه‌بێت".

له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ به‌ "زۆر نهێنی‌" پۆلێنكراوه‌، مه‌سرور بارزانی‌ له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان رایگه‌یاندوه‌، "یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ به‌درۆ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتن له‌خانه‌قین، له‌كاتێكدا به‌درێژایی‌ مێژو پارتی‌ پێگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تری‌ هه‌بوه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا".

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی‌ وتویه‌تی‌، "ده‌زانم بۆچی‌ كاروچالاكیه‌كانی‌ رێكخراوی‌ ئۆپیك به‌زۆری‌ له‌سلێمانیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح نزیكه‌ له‌رۆبێرت مۆسباچه‌ر، سه‌رۆكی‌ ئۆپیك‌و بڕیاره‌كانیشی‌ ژێربه‌ژێر ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كێتیه‌وه‌".

له‌لایه‌ن خۆیشیانه‌وه‌ ئه‌مریكیه‌كان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ مه‌سروریان والێكداوه‌ته‌وه‌ كه‌ "پارتی‌ به‌رده‌وام به‌دگومان بوه‌ به‌رامبه‌ر تاڵه‌بانی‌. هه‌روه‌ها پارتی‌ ترسی‌ له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ زۆرتر بداته‌ یه‌كێتی‌ له‌به‌غدا".

له‌به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا باسی‌ كه‌مالی‌ سه‌ید قاد كراوه‌ له‌لایه‌ن مه‌سروره‌و ده‌ڵێت، "بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد، كه‌مالی‌ سه‌ید قادر ته‌نها پێویستی‌ به‌ئاگاداركردنه‌وه‌ هه‌بوه‌. وتیشی‌، "كه‌مال له‌لای‌ من دانی‌ به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆیه‌ كردوه‌، تا هه‌مو خه‌ڵك ناوی‌ بزانن، هه‌روه‌ها دانی‌ به‌وه‌شداناوه‌ كه‌ هه‌رچیه‌كی‌ وتوه‌ درۆ بوه‌".

ئه‌مریكیه‌كان له‌كۆتاییدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "له‌دو ساڵی‌ رابردودا كورده‌كان له‌به‌غدا به‌هێزبون به‌هۆی‌ كاركردنیان وه‌ك یه‌ك به‌ره‌، له‌كاتێكدا به‌درێژایی‌ مێژو كێشه‌ی‌ ئه‌وه‌یان هه‌بوه‌ نه‌یاتوانیوه‌ یه‌كگرتویی‌ خۆیان بپارێزن ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر یه‌ك دوژمنی‌ هاوبه‌شیشدا".


بابه‌ت: هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ هه‌موی‌ بزه‌و خه‌نده‌ نیه‌
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا
ئای‌ دی‌: 06BAGHDAD443
به‌روار: 13ی‌ شوباتی‌ 2006
پۆلێن: زۆر نهێنی‌

پوخته‌: له‌ئاهه‌نگێكی‌ ئێواره‌ خوانی‌ رۆژی‌ 8ی‌ شوباتی‌ 2006، له‌ماڵی‌ به‌رهه‌م ساڵح، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، مه‌سرور بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ ئاژانسی‌ پاراستنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان گومانی‌ قوڵی‌ نیشاندا به‌رامبه‌ر حزبه‌ ركابه‌ره‌كه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتیه‌و ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو كابینه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ ره‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئارایشت بێت ئه‌وه‌نده‌ واقعی‌ نه‌بێت. بارزانی‌ به‌دورودرێژی‌ سكاڵای‌ له‌دژی‌ یه‌كێتی‌ كرد. ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو كه‌وته‌ به‌رگریكردن به‌رامبه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ باس له‌زیادبونی‌ پێگه‌ی‌ پارتی‌ ده‌كه‌ن له‌خانه‌قین‌و ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ی‌ بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌كرێن له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌. ئه‌و كاردانه‌وه‌ سلبیه‌ی‌ مه‌سرور ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌وترێت هاوپه‌یمانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ قورسه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت. 


كاردانه‌وه‌ی‌ مه‌سرور به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌
مه‌سرور بارزانی‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌یری‌ نیشاندا، كاتێك كه‌وته‌ باسكردن له‌باره‌ی‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌یه‌. كاتێكیش راوێژكاره‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا پرسیاری‌ كرد له‌باره‌ی‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ باس له‌جموجوڵی‌ ئاژانسی‌ پاراستنی‌ پارتی‌ ده‌كه‌ن له‌ناو خانه‌قیندا، ده‌ستبه‌جێ‌ مه‌سرور وتی‌، "كێ‌ ئه‌مه‌ی‌ پێوتن؟ یه‌كێتی‌؟ عه‌ره‌به‌كان؟ گره‌وده‌كه‌م ئه‌وه‌ یه‌كێتی‌ بوه‌، وانیه‌؟ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕوانی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ بكات، بارزانی‌ بۆ ماوه‌ی‌ بیست خوله‌ك باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ چۆن ئه‌ندامێكی‌ پارتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌رعی‌ پۆستی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ خانه‌قینی‌ بردۆته‌وه‌. وتیشی‌، یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ به‌درۆ بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتن له‌خانه‌قین، له‌كاتێكدا به‌درێژایی‌ مێژو پارتی‌ پێگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تری‌ هه‌بوه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا. بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ش كرد، كه‌ "هه‌مو جوڵه‌ی‌ پارتی‌ بۆ خانه‌قین ته‌نها یه‌ك پیاو بوه‌، ئه‌ویش به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نوێی‌ پۆلیس بوه‌".

پاش كه‌مێك وه‌ستان، مه‌سرور بارزانی‌ بابه‌تی‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كانی‌ ئۆپیكی‌ هێنایه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی‌ پێشخستنی‌ كه‌رتی‌ وه‌به‌رهێنانه‌ له‌عێراق. هه‌روه‌ها داوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ كرد له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئۆپیك بۆ باسكردنی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆچی‌ پرۆژه‌كانی‌ ئۆپیك هه‌ر له‌سلێمانین. وتی‌، "ده‌زانم بۆچی‌ كاروچالاكیه‌كانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ به‌زۆری‌ له‌سلێمانیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح نزیكه‌ له‌رۆبێرت مۆسباچه‌ر، سه‌رۆكی‌ ئۆپیك‌و بڕیاره‌كانیشی‌ ژێربه‌ژێر ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كێتیه‌وه‌". بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌ولێر زۆر پێشه‌كه‌وتوترو شیاوتره‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی‌ تایبه‌ت. 


ده‌ستگیركردنی‌ كه‌مالی‌ سه‌ید قادر هه‌ڵه‌ بو
له‌وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ راوێژكاری‌ سیاسیی‌ ئه‌مریكا له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ د. كه‌مال سه‌ید قادر، كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ نه‌مسایی‌ هه‌یه‌و له‌سه‌ر قسه‌وتن به‌بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 30 ساڵ حكومدرا، مه‌سرور بارزانی‌ وتی‌، ئه‌و ده‌ستگیركردنه‌ هه‌رگیز نه‌ده‌بو روبدات. وتشی‌، ئه‌گه‌ر له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی‌ له‌ناو هه‌ولێردا بوایه‌، ئه‌وا نه‌یده‌هێشت ده‌ستگیری‌ بكه‌ن. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌ولێر هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی‌ تریان له‌به‌رده‌م نه‌بوه‌ جگه‌ له‌لێپرسینه‌وه‌ی‌، له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌ قوربانیه‌كانی‌ ده‌ستی‌ كه‌مال سكاڵای‌ یاساییان تۆماركردبو. هاوكات بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ش كرد، ئه‌و حاڵه‌ته‌ی‌ كه‌مالی‌ سه‌ید قادر مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ عه‌قڵی‌ بوه‌ كه‌ ته‌نها پێویستی‌ به‌ئاگاداركردنه‌وه‌ هه‌بوه‌. وتیشی‌، "به‌تایبه‌تی‌ له‌لای‌ من دانی‌ به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆیه‌ كردوه‌ تا هه‌مو خه‌ڵك ناوی‌ بزانن، هه‌روه‌ها دانی‌ به‌وه‌شداناوه‌ كه‌ هه‌رچیه‌كی‌ وتوه‌ درۆ بوه‌." بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد، جێگه‌ی‌ داخه‌ میدیای‌ خۆرئاوا ئه‌و روداوه‌یان گه‌وره‌ كردوه‌. هه‌روه‌ك سوربو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت دادگاكانی‌ كوردستان له‌كاتی‌ خۆیدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ تاوتوێ بكه‌ن. بارزانیه‌كان ناتوانن داوا له‌ دادگا بكه‌ن قادر ئازاد بكات بێئه‌وه‌ی‌ به‌رێوشوێنه‌ یاسایییه‌كاندا نه‌ڕوات. 


كۆمێنت:
مه‌سرور بارزانی‌ كوڕی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، مه‌سعود بارزانیه‌. ئه‌و زۆر به‌باشی‌ ئاگاداری‌ شێوازی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ حزبه‌كه‌یه‌تی‌. ئه‌و كه‌ كاره‌كته‌رێكی‌ سیاسیی‌ كاریگه‌ره‌، به‌رده‌وام روخسارێكی‌ نه‌رمونیان نیشانی‌ دنیا ده‌دات. ده‌شێت مه‌سرور بارزانی‌ خۆی‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ كاریگه‌ر ده‌ربخات له‌كاتی‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ راوێژكاره‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ تونده‌ی‌ له‌باره‌ی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ ئه‌وه‌ نیشانده‌دات كه‌ كاردانه‌وه‌كانی‌ كوێرانه‌ بوه‌. هه‌ڵوێستی‌ مه‌سرور راپۆرته‌كانی‌ پێشو پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پارتی‌ به‌رده‌وام به‌دگومان بوه‌ به‌رامبه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان. پارتی‌ وای‌ نیشانده‌دات كه‌ خۆشحاڵه‌ به‌رێككه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ بۆ پشتوانیكردن له‌تاڵه‌بانی‌ تا ببێته‌ سه‌رۆكی‌ عێراق‌و له‌به‌رامبه‌ردا مه‌سعود بارزانی‌ ببێته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. به‌ڵام پارتی‌ ترسی‌ له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ زۆرتر بداته‌ یه‌كێتی‌ له‌به‌غدا. له‌راستیدا، چه‌ندین ئه‌ندامی‌ پارتی‌ به‌راوێژكاری‌ سیاسیی‌ ئه‌مریكایان راگه‌یاندوه‌ كه‌ وه‌ك پارتی‌ هه‌ستده‌كه‌ن له‌دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كاندا له‌به‌غدا كه‌میان به‌ركه‌وتوه‌. له‌دو ساڵی‌ رابردودا كورده‌كان به‌تایبه‌ت له‌به‌غدا به‌هێزبون به‌هۆی‌ كاركردنیان وه‌ك یه‌ك به‌ره‌، له‌كاتێكدا به‌درێژایی‌ مێژو كێشه‌ی‌ ئه‌وه‌یان هه‌بوه‌ نه‌یاتوانیوه‌ یه‌كگرتویی‌ خۆیان بپارێزن ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر یه‌ك دوژمنی‌ هاوبه‌شیشدا. ئێمه‌ هه‌ستده‌كه‌ین ئیداره‌دانی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ شتێكی‌ زه‌حمه‌ته‌.       


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×