ڤیدیۆ..ساتی گەیشتنی هێزێكی تایبەتی مارێنز بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا
  2020-01-01       5440       

شەوی رابردو هێزێكی تایبەتی مارێنز كە لە 100 سەرباز پێكهاتبون بە هەلیكۆپتەر لە كوێت-ەوە گەیەنرانە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.

ئاوێنە: ناردنی ئەو هێزەی مارێنز دوای ئەوە هات كە دوێنێ سێشەممە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی توانیان بچنە ناو ناوچەی سەوز و هەڵكوتنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداو بەشێك لە باڵیۆزخانەكە ئاگر تێبەردەن.

هەژماری فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا لە تویتەر، وێنەی گەیشتنی هێزە تایبەتەكەی مارێنزی ئەمریكی بۆ بەغدا بڵاوكردۆتەوە لەپێناو پاراستنی باڵیۆزخانەكەو كارمەندەكانیدا لە هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراو.

بەپێی هەواڵێكی كەناڵی "ئەلحوڕە"، ئەو هێزەی نێردراوە بە "هێزی ئەركە دەریایی و ئاسمانییەكان خاوەن ئامانجی تایبەت" یاخود "هێزی وەڵامدەرەوەی قەیرانەكان" ناسراوەو لە 100 سەرباز پێكدێت.

هێزی "وەڵامدەرەوەی قەیرانەكان" لەساڵی 2013دا پێكهێنرا ئەوەش دوای روداوی كوژرانی باڵیۆزی ئەمریكا، كریستۆفەر ستیڤنز لە شاری بەنغازی لیبیا لەساڵی 2012دا.

دوای پەلامارەكەی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، دەستبەجێ 750 سەربازی ئەمریكی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ پەلاماردانی بینای باڵیۆزخانەكەیان لەناوچەی سەوزی بەغدا.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×