نووسینگەی سەرۆک وەزیران: لە جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان پاشگەز نابێینەوە
  2020-01-14       788       


نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رایگەیاند، ''حکوومەت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان پاشگەز نابێتەوە''.

ئاوێنه‌:  لەوبارەوە ولیەم وەردە، وتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی هیچ رێککەوتنێک سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ درێژەدان بە شەڕەکانی دژبە داعش واژوو ناکات.


ولیام وەردە وتیشی، ''حکوومەت پاڵپشتی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات سەبارەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان و لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەش پاشگەز نابێتەوە''.

ولیەم وەردە، وتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق ئەوەیشی وتووە، ''ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا پەسەندکردووە و تا ئێستا حکوومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە''.

ولیەم وەردە روونیشیکردەوە کە بڕیارەکە تەنها هێزەکانی ئەمریکا ناگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم هێزە بیانییەکان دەگرێتەوە و وتی، ''تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن-دا لە ئارادا نییە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، حکوومەتیش بە ئاراستەیەکی باش هەنگاو دەنێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران''.

رۆژی یەكشەممەی هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێكی دەرکرد كە تیایدا داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات كۆتایی بهێنێت بە بوونی سەربازانی بیانی لە عێراق.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڕشەی كردبوو لەوەی ئەگەر بەغدا داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بكات ئەوا سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×